Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵبژاردن بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكرێت

 

بەغدا-KDP.info- دوای ئەوەی لە دانیشتنی دوێنێدا سەرۆك و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردران، دانیشتنەكە بۆ ئەمڕۆ دوا خرا، پەرلەمانتارێكی پارتییش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: "بەربژێری ئێمە هەر د. بەشیر حەداد دەبێت و كوتلەكانی شیعە و سوننەیش هاوكار دەبن بۆ دەنگدان بە كاندیدەكەمان".

لە دانیشتنی دوێنێ شەممەی پەرلەمانی عێراقدا، دوو لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران، كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە، درا بە (محەممەد حەلبوسی) كە بە 162 دەنگ هاتە هەڵبژاردن، هەروەها (حەسەن كەریم كەعبی)، بەربژێری هاوپەیمانیی سائیروونیش بە 210 دەنگ، بە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا، كە لە پێكهاتەی شیعەیە.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، د. ڤیان سەبری، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات 1ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیارە تەواوكردنی دانیشتنی دوێنێ شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردن بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دێتە ئەنجامدان، بەربژێری ئێمەیش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر وەكوو خۆی (د. بەشیر حەداد) دەبێت، چونكە دەنگی زۆری هێناوە و تا دوێنێ 152 دەنگی بە دەست هێنابوو‌."‌

د. ڤیان، روونیشی كردەوە: "هەموو كوتلەكان لە سوننە و شیعە بەڵێنیان بە ئێمە داوە هاوكار دەبن بۆ دەنگدان بە (د. بەشیر حەداد)، بۆ ئەوەی ببێتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق."

پێوەست بە یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش، ڤیان سەبری گوتی: "دانیشتنی ئەمڕۆ تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت، یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی دیكەیش، بۆ دانیشتنەكانی داهاتوو دەبێت."

 

نەشوان بەرزنجی