Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەدەل بەندی: دەنگدان بە ١٨٣ی پارتی خۆنەچەمینێکی دیکەیە

دهۆک-KDP.info- فەرماندەی لیوای یەکی لەشکری ڕۆژ دەڵێت، پارتی ئەو هێزەیە نەیهێشت دوژمن بگاتە ئامانجی خۆی و لووتیانی شکاند و ڕێگەی نەدا شەرەف و کەرامەتمان بشکێت.


پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ١٨٣ و بە دروشمی بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز پشکداری لە هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەم مانگەدا دەکات و ئێستاش بە گڕوتینێکی زۆرەوە بانگەشە دەستی پێ کردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکە بە درێژاییی مێژووی خەباتی، لە سەرەتای خەباتی شاخەوە و تا گەیشتە قۆناغی خەباتی شار داکۆکیکەری سەرخەستی مافی خەڵک بووە و هەرگیز نەیهێشتووە دوژمن بگاتە ئامانجی خۆی.

لەو بارەیەشەوە، بەدەل بەندی، ئەو فەرماندەیەی کە لە داستانی عەین ‌عوێزدا بە وشەی ''خۆنەچەمێنن'' زۆر ناسراو بوو، ئەو شەڕەی کە ڕێی لە داگیرکەریی حەشدی شەعبی گرت، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە هەموو شەڕەکاندا ئێمە هەرگیز بە تەنیا نەبووین، کوڕ و نەوەکانی بارزانی و خودی سەرۆک بارزانیش لە سەنگەردا بوون. داستانی عەین عوێز شەڕیکی زۆر گەورە بوو و شەڕێکی زۆر کرا لە لایەن حەشدی شەعبی بە هاوکاریی چەندین هێزی دیکە، بەڵام ڕێگەمان پێ نەدان، هەرچەندە شەهیدیشمان هەبوو، بەڵام نەمانهێشت ئیرادەی گەلەکەمان بشکێت."


بەندی گوتی: "بە هزری بارزانی بەرگریمان لە گەلی کوردستان کرد و بۆ یەک چرکەیش سازشمان لەسەر خاکی کوردستان نەکرد."

بەندی ئەوەیشی گوت: "ئەو شەڕە شەڕی کەرامەت و نامووس و خاک بوو، وەک مێژوو دیارە، پارتیش دیارە کە سازشی لەسەر ئەم شتە نەکردووە و بە هزر بیر و فەلسەفەی بارزانی بەرگریمان کرد."

پرسیمان، لەبارەی وشەی "خۆنەچەمێنن" چیت هەیە؟ بەندی گوتی: "کورد خۆی نەچەماندووە و خۆیشی ناچەمینێت."


لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە بەندی گوتی: "ئەگەر کورد بیەوێت جارێکی تر خۆی بۆ دوژمن نەچەمێنیت، دەبێ لەگەڵ ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانی بن و پارتی یەکەمی کوردستان بێت بۆ ئەوەی کوردستان بەهێز بێت و بۆ ئەمەش، پێویستە کار بۆ سەرخستنی لیستی پارتی بکەن و دەنگ بە لیستی ١٨٣ بدەن، چونکە ئەمە لیستی داستانەکانە، لیستی بارزانییە، لیستی ئاوەدانییە، لیستی سەربەخۆخوازەکان و خۆنەچەمێنەکانە."

لە دواییشدا بەندی گوتی: "دەبێ کورد بزانێت پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی ئەبرامزشکێن و پارتەکەی داستانی سحێلا و پردێ و مەحموودییەیە، لیستی بەرگرییە لە شەرەف و کەرامەتی تاکی کورد و سەرۆکی پارتەکە بە هەموو کوڕ و نەوەکانییەوە لە شەڕ بوون، لە کاتی ئەو شەڕەدا کە بەسەر کوردستاندا سەپێنرا."

کــاروان بـــاعەدری