Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھۆزە عەرەبەکان داوا لە ھاووڵاتییانی عەرەب لە ھەرێم دەکەن دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی بدەن

مووسڵ-KDP.info-  ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان داوا دەکەن عەرەبەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەیە، دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی بدەن، وەک وەفایەک بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم و پارتی پێشکەشی ئەوانی کردووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ڕێز لە ھەموو پێکھاتەکان بگیرێت بەبێ جیاوازی و دەرگای ھەرێمی کوردستانیش کرایەوە بۆ سەدان ھەزار عەرەب لە کاتی ھاتنی داعش و ھاوکاریی پێشکەش کردن و تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆریان لە ھەرێمی کوردستان ماون.

شێخ مزاحم ئەلحویت، گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکانی عەرەبیان کردووە ھیچ کاتێک لە یاد ناکرێت، چونکە ئەوان لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کات ھەستیان بەوە نەکردووە ھاووڵاتیی ھەرێم نین و ھەمیشە وەکو ھاووڵاتیی ھەرێم مامەڵەیان لەگەڵ کراوە."

شێخ مزاحم ئەلحویت گوتیشی: "ھەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی بەرامبەر بە عەرەب جێگەی ڕێز و شانازین، چونکە یەکەمین سەرۆک بووە کەرامەت و شەرەفی عەرەبەکانی پاراستووە، کاتێک لە شەڕی داعش ئاوارە بوونە."

ئەلحویت باسی لەوەش کرد: "بە ھۆی ئەو ھەڵوێستانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە عەرەبەکان ھەیبووە، ئێمەش پشتگیریی خۆمان بۆ لیستی ١٨٣ی پارتی دووپات دەکەینەوە و داوا لە ھەموو عەرەبەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە مافی دەنگدانیان ھەیە دەنگ بە لیستی پارتی بدەن وەکو وەفایەک بۆ ئەو ھاوکارییەی ئەوان بۆ عەرەبەکانیان کردووە و خزمەتی ئەوانیان کردووە."

بڵند ئیبراھیم