Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كەسوكاری شەهیدان لە دەڤەری سۆران پشتگیریی خۆیان بۆ لیستی 183ی پارتی دووپات دەكەنەوە

سۆران -KDP.info- پشتگیریی چین و توێژەكانی كوردستان بۆ لیستی 183ی پارتی بەردەوامە، كەسوكاری شەهیدان لە دەڤەری سۆران پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو لیستە دووپات دەكەنەوە، چونكە پێیان وایە تاكە لیست كە بەرگری لە كەسوكاری شەهیدان دەكات و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نادات، لیستی 183ی پارتییە، بۆیە دەنگی پێ دەدەن.

پارتـی دیموكراتی كوردسـتان لە بەرنامەی كاری خۆی لەم هەڵبژاردنەدا بۆ پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەكان و شەهیدان و ئەنفالكراوان، كار دەكات بۆ تەواوكردنی پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وەرگرتنەوەی ماف و بەركەوت و شایستە زەوتكراوەكانی پێشمەرگە لە حكوومەتی فیدڕاڵی و، دیراسەیەكی وردی یاسای كارگێری و دارایی دەكات بۆ دروستكردنی بیمەی تەندروستیی تایبەت بە پێشمەرگە و كەسوكاری سەربەزی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و، دابینكردنی خزمەتی زیاتر بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و تەواوكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بەبێ جیاوازی و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانیان و بایەخی تایبەت بە منداڵەكانیان لە بواری دابینكردنی خوێندن و تەندروستی و هەلی كار، هەوڵدانی بەردەوام بۆ پاراستن و پێشخستنی ئەو سەقامگیر و ئاسایشە دابینكراوەی ساڵانێكە بە هیممەتی ڕۆڵە چاوكراوەكانی دامودەزگا ئەمنییەكانی كوردستان دەستەبەر کراوە.

غەفوور غەفوور، كە خێزان و سێ منداڵی لە ئۆردووگای زێوە لە ئێران شەهید بوونە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئەوەندە ساڵە باب و باپیرانی ئێمە لەگەڵ پارتیدان، من خۆشم لە ساڵی 1962 تا ئێستا پێشمەرگەی پارتی و بارزانیم و شەهیدمان داوە، هەر لەسەر ئەو ڕێبازەش بەردەوام دەبین، چونكە لیستی 183، لیستی پارێزگاریكردنە لە مافە ڕەواكانی گەلی كورد، خۆی بە خاوەنی كورد دەزانێت، بۆیە وەكو كەسوكاری شەهیدان دەنگ بەو لیستە دەدەین و داواكارین لە هەموو كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان ئەو لیستە لەبیر نەكەن و دەنگی پێ بدەن."

زیوان شیوی، كە  دوو برای  شەهیدن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "تاكە لیست كە بەرگری لە مافی  كەسوكاری شەهیدان و گەلی كورد دەكات، لیستی 183ی پارتییە، تاكە لیستە كە بتوانێت نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئێمە بكات، لیستی بەرخۆدان و خۆڕاگرییە و هیوادارم هەر كەسوكارێكی شەهید دەنگ بەو لیستە بدەن، كە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و كوردستانی پاراستووە، تەنیا لیستی 183 دەتوانێت ئێمە بپارێزێت و مافەكانی ئێمەش بە دەست بهێنێت، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لەو لیستە دەكەین و بە لیستی خۆمانی دەزانین، چونكە سەركەوتنی ئەو لیستە، سەركەوتنی كوردستان و بەفیڕۆنەچوونی خوێنی شەهیدانە."

محەمەد حەسەن، كە برای شەهیدە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "ئێمە وەكو بنەماڵەی شەهیدان پشتگیریی خۆمان بۆ لیستی 183ی پارتی دووپات دەكەینەوە، چونكە تاكە لیستە كە بتوانێت مافەكانمان زامن بكات، بۆیە ئێمە وەكو كەسوكاری شەهیدان لە سۆران پەیمان بۆ لیستی شەهیدان، لیستی ژمارە 183 دووپات دەكەینەوە، كە چۆن لە ڕابردوو خەمخۆر و پاڵپشتی كەسوكاری شەهیدان بووە، ئێمەش لەو ڕۆژەدا پشت لەو لیستە ناكەین و دەنگی خۆمان دەدەین بەو لیستە، بۆ ئەوەی ڕۆحی شەهیدەكانمان ئاسوودە بێت."

لە كۆتاییدا خاڵد چاوشین، كە مامێكی لە شەڕی داعشدا شەهید بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دركاند: "لیستی 183، لیستی شەهیدانە، لیستی خەبات و قوربانیدانە، لیستی سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی مافەكانمانە، پارتی حزبێكی ڕاستگۆیە، دروستبوونی پارتی بۆ ئەوە بووە بەرگری لە گەلی كوردستان و خاكی كوردستان بكات، بۆیە ئێمە وەكو كەسوكاری شەهیدان و وەك وەفایەك دەنگ بەو لیستە دەدەین".

ڕابین شێروانی