Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: لەھەوڵداین بۆ ھێنانەوەی تەرمی ئەو سێ پێشمەرگەیەی لە حەویجە دۆزراونەتەوە

 

هه‌ولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە کار بۆ ھێنانەوەی تەرمی ئەو سێ پێشمەرگەیە دەکات کە تەرمەکانیان لە قەزای حەویجەی کەرکووک دۆزراونەتەوە. جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ ھێنانەوەی ئەو پێشمەرگانە دەکرێت.

لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ژمارەیەک پێشمەرگە بە دیلی و ھەندێکیش تەرمەکانیان کەوتنە دەست گرووپی تیرۆریستیی داعش و دوێنێ تەرمی سێ لەو پێشمەرگانە لە گەڕەکێکی شارۆچەی حەویجە دۆزراونەتەوە. لەوبارەیەوە، لیوا قارمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی پشتڕاست کردەوە: "تەرمی ھەرسێ پێشمەرگەکە لە گەڕەکی پیشەسازیی قەزای حەویجە دۆزراونەتەوە و لە کاتی ھێرشێکی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ئەو سێ پێشمەرگەیە دوویان شەھید بوون و تەرمەکانیان کەوتبووە دەست تیرۆریستان و یەکێکی دیکەشیان بە برینداری کەوتبووە دەست داعش و دواتر شەھیدیان کردووە."

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێت: "دوای ئاشکرابوونی شوێنی تەرمەکانیان ئێمە بەدواداچوونمان کردووە لە وەزارەتی پێشمەرگە و دەرکەوتووە، یەکێک لەوانە پلەی مولازمە و ئەوی تریان پلەی نەقیبی ھەیە و لەگەڵ پێشمەرگەیەک لای ئێمە پێشتر بە شەھید تۆمار کراون."

لیوا قارەمان شێخ کەمال ئاماژەی بۆ  ئەوە کرد: "لەبەر ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری کەرکووک نییە، وەزارەتی پێشمەرگە لەھەوڵدایە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکات بۆ ھێنانەوەی تەرمی ئەو سێ شەھیدە قارەمانە و لە کاتی ھێنانەوەیاندا بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان بێگومان ڕێوڕەسمێکی شایستەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ھێشتا کاتی ھێنانەوەیان دیار نییە."

قائید میرۆ