Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەشیان پێوەست بە دۆخی کەرکووک پێک هێناوە

 

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی، لیژنەیەک لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کێشەکانی کەرکووکەوە دروست کراوە و لیژنەکە دەست بەکاری خۆی دەکات.

 

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کەرکووکیان داگیر کردووە و لەو کاتەوە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پەکی کەوتووە و ئیدارەی ناشەرعیی کەرکووکیش بە کەیفی خۆی کاری نایاسایی بەرامبەر بە کورد دەکات.

 

پەیوەست بەم پرسە، د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش سەبارەت بە دۆخی کەرکووک و چارەکردنی کێشەکانی دراوە."

 

د.محەمەد خورشید گوتیشی: "لیژنەکە دروست کراوە و پێوەندیی بەردەوام لە نێوانیان ھەیە و لە دوو ڕۆژی داھاتوودا دەست بە کاری خۆیان دەکەن و پێشنیارەکانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی کەرکووک دەدەنە ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی و ئەوەی پێوەندیی بە بەغداوە ھەیە قسە لەگەڵ بەغدا دەکرێت."

سەبارەت بە ئەنجومەنی پارێزگا، خورشید گوتی: "پرسی کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش یەکێک دەبێت لەو خاڵانەی لیژنەکە کاری لەسەر دەکات."

 

بڵند ئیبراھیم