Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا، دۆخی سیاسیی عێراقیان تاوتوو كرد

 

هەولێر-KDP.info- لە دیداریاندا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەربڕی و، هیوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوویان بۆ هەرێمی كوردستان خواست.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ 12/9/2018، پێشوازی لە جۆن وێڵكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا، دواپێشهاتەكان و دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق تاوتوو كرا و لەمبارەیەوە شاندی میوان جەختیان لە پێویستیی ڕۆڵی‌ هەرێمی كوردستان لە پێكهێنان و هاوبەشی لە بڕیارەكانی حكوومەتی داهاتوودا و چارەكردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ كردەوە و، دەستخۆشییان لە دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكوەزیران كرد. شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەربڕی و هیوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوویان بۆ هەرێمی كوردستان خواست.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە گفتوگۆی هێزە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد‌ و جەختی لە یەكدەنگی و یەكڕیزیی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و بەهێزیی پێگەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كردەوە و، بەشداری و ڕۆڵی پۆزەتیڤی هەرێمی كوردستانی لە پەرلەمان و حكوومەتی داهاتووی‌ عێراقدا بۆ چارەكردنی كێشەكانی عێراق و كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، بە گرینگ لە قەڵەم دا.

نێچیرڤان بارزانی، خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریی زۆربەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەربڕی و، ئاماژەی بە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كرد كە تا ئێستا بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بەڕێوە دەچێت و هیوای خواست دوای هەڵبژاردن حكوومەتێك پێك بهێنرێت كە بتوانێت ئەو ڕیفۆرمانەی كە پلانیان بۆ دانراوە، جێبەجێیان بكات.

تاوتووكردنی دۆخی ناوچەكە بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و سیاسییەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.