Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شوان محەممەد: شیعەكان وەڵامی داواكاریی كوردیان داوەتەوە.. گەڕی دووەمی دانوستان دەست پێدەكات

 

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی لقی ٥ی پارتی لە بەغدا گوتی، بەم زووانە پێكھێنانی كابینەی نوێ یەكلا دەكرێتەوە و گەورەترین كوتلەیش رادەگەیێندرێت. دەشڵێ، لایەنە شیعەكان وەڵامی كوردیان داوەتەوە و كوردیش تاوتووی دەكەن و گەڕی دووەمی دانوستانەكان دەست پێدەكاتەوە، بۆ ئەوەی تا رۆژی شەممە ھەموو پرسەكان یەكلا بكرێنەوە.

بڕیارە رۆژی شەممەی دابێ، پەرلەمانی عێراق كۆ ببێتەوە و تێیدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دواتریش سەرۆككۆمار دیاری بكرێت و ئەویش كابینەی نوێ راسپێرێت بۆ پێكھێنانی حكوومەتی تازە.

پێوەست بەم پرسە، شوان محەممەد تەھا، بەرپرسی لقی ٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلە رابگەیێندرێت و لەم چەند رۆژەی ماوە ھەموو پرسەكان یەكلا دەكرێنەوە، هەروەها رۆژی شەممەیش پەرلەمان دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی دیاری دەكات، چونكە نزیكە شیعەكان گەورەترین كوتلە رابگەیێنن و كوردیش چاوەرێی ئەوە دەكات".

شوان محەممەد گوتیشی: "شیعەكان وەڵامی داواكاریی كوردیان داوەتەوە". بە بێ ئەوەی ئاماژە بە وردەكاریی زیاتر بدات و ئاماژەیشی دا، كوردیش دیراسەی وەڵامەكان دەكات و گەڕی دووەمی دانوستانەكان دەست پێدەكات، بۆ ئەوەی لەم چەند رۆژەدا ھەموو پرسەكان یەكلا بكرێنەوە، چونكە كورد بڕیاری خۆی داوە و بەشداری لە حكوومەتی تازەی عێراقدا دەكات.

 

بڵند ئیبراھیم