Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، بانگەشەی لیستی ١٨٣ی پارتی دەست پێدەكات

 

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و كاندیدان و جەماوەرێكی زۆری پارتی، بانگەشەی لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێدەكات و تێیدا سەرۆك بارزانی گوتارێك پێشكەش دەكات.

ئەمڕۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكرد و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە لیستی ژمارە ١٨٣بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا دەكات، كە بۆ ئەم ھەڵبژاردنەیش بەرنامەیەكی تیروتەسەلی ئامادە كردووە و، سەرجەم خاڵەكانیش لە پێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ بە لیستی ١٨٣ لە شاری ھەولێر و لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، بە فەرمی دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەكات و بەرنامەی خۆیشی بۆ ئەو ھەڵبژاردنە رادەگەیێنێت".

گۆران گوتیشی، لە مەراسیمی دەستپێكردنی بانگەشەدا بۆ لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشدار دەبێت و سەرەتا لە ھەولێر دەست پێدەكەن و دواتریش لە شارەكانی دیكەی كوردستان دەست بە بانگەشە دەكەن.

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، دەشڵێ: "زۆر باش خۆمان بۆ ئەو ھەڵبژاردنە ئامادە كردووە و پشتئەستوور بە جەماوەری خۆمان، زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردندا بە دەست دەهێنین"

لای خۆشیەوە، بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەوروبەری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "مەراسیمی دەستپێكردنی بانگەشەی لیستی پارتی، ئەمڕۆ سەعات چواری ئێوارە بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و كاندیدان و جەماوەرێكی زۆری پارتی دەست پێدەكات و، تێیدا سەرۆك بارزانی گوتاری دەبێت و بەرنامەی پارتییش بۆ ئەو ھەڵبژاردنە ئاشكرا دەكرێت".

ئیسماعیل گوتیشی، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر باش خۆی بۆ ئەو ھەڵبژاردنە ئامادە كردووە و ئەمڕۆیش بە فەرمی بانگەشە دەست پێدەكات.

 

بڵند ئیبراھیم