Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەیلوول و پارتی پێشڕەو

ئاریان فەرەج
بانگەشە بۆ حزبێك لە حزبەكان ناكەین، بانگەشەی ئێمە بۆ نوێكردنەوەی متمانەیە بەو پێشڕەوە نەبەزەی پەنجا و حەوت ساڵ لەمەوبەر بڵێسەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی هەڵگیرساند و، هەموو كورد و كوردستانییانی لە پێناو یەك ئامانج و یەك باوەڕدا كۆكردەوە. ئەو پارتەی نەسرەوت و نەكەوت و كۆڵی نەدا تا بەمڕۆ گەیشتین. بانگەشە بۆ رابەرەكەی كوردایەتی و پارتە نەبەزەكەی مستەفا بارزانیی نەمر و مێژوویەكی لێوانلێو لە شكۆ و شانازی و شەهید و بەرخۆدان و كۆڵنەدان دەكەین.
دەنگ بەو پارتە دەدەین چلوچوار ساڵ لەمەوبەر فاشیزمی عەرەبی ناچار كرد لە ئاست ناسنامە و ماف و وجودی میللەتی كورد و خودموختاریی كوردستاندا بە چۆكدا بێت و، رێكکەوتتنامەی یازدەی ئازار مۆر بكات، ئەو بەڵگەنامە مێژووییەی بوو بە بەردی بناغەی كۆی ئەو دەسكەوتانەی لەوەدوا بۆ كورد بەدەست هاتن.
دەنگ بەو پارتە دەدەین كە دۆزی كوردی بە ناو ئەو هەموو هەوراز و نشێو و كارەسات و مەینەتی و پیلان و گەلەكۆمەكێ و دوژمن و دڕندەیەدا پەڕاندەوە و بەزیندوویی هێشتیەوە.
دەنگ بە پێشڕەوە سەرسەختەكەی كوردایەتی دەدەین كە مێژوو سەلماندی تا ئەو بەهێز بێت كوردستان بەهێزە، تا ئەو هەبێت كەس ناتوانێ سەودا بە مافی كردەوە بكات و كوردستان هەرزانفرۆش بكات. تا ئەو هەبێت زڕەخەونی ناحەزانی كورد بەدی نایەت، تا ئەو هەبێت ئومێدی ئیستقلال زیندووە، تا ئەو هەبێت شكۆی نەتەوەیی و ئیرادەی میللیمان ناشكێ و هیچ دوژمنێكی نكۆڵیكار زەفەر بە كورد نابات.
ئەمڕۆ دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەین، ئەو هەڵبژاردنەی زۆریان هەوڵ دا نەكرێ و دوابخرێ و ئەو ماف و ئیستیحقاقەی خەڵك زەوت بكەن. دەست بە بانگەشە دەكەین بۆ ئەو پارتە یەكگرتوو و سەنگین و سەركەوتوو و سەربەرزەی قەڵای ئومێدی كورد و چقڵی چاوی دوژمنانی كورد و كوردستانە. ئەو پارتە پێشڕەوەی خاكی سوتماكی كوردستانی ئاوەدان كردەوە و وڵاتی پەرەپێدا و لە دوژمن و تیرۆر و پەلاماری پاراست. قەوارەی هەرێمی كوردستانی بە یەكگرتوویی و بەهێزی هێشتەوە و خەونی نەزۆكی ناپاك و ناحەزانی لە گۆڕنا. شانی دایە بەر مەسئولیەت و ئاسۆی چارەسەری بە رووی قەیرانەكاندا كردەوە، ئێستایش بە متمانە و دەنگی گەل دەیەوێت دووبارە كوردستان بخاتەوە سەر راستەڕیی كاروانی گەشەسەندن و پێشكەوتن.
لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، پارتییەكان و كۆی نیشتمانپەروەر و رێبوارانی رێی كوردایەتی، بە هەمان گوڕوتینی ئەیلوول، بەرەو هەڵبژاردن و نوێكردنەوەی متمانە بۆ ئەو پارتە نەبەزە دەچن كە گەرەنتیی بەهێزی و سەربەرزی و شكۆداری كورد و كوردستانە.