Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد بازیانی: لە چەند ڕۆژی دابێ ڕووداوی دیکە لە عێراق ڕوو دەدەن

 

ھەولێر-KDP,info- ئەمڕۆ ئەمەریکا بڕیاری دا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ چالاکییەکانی لە عێراق ڕاگرت و تا دێت ڕەوشی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت، شرۆڤەکارێکی سیاسیش دەڵێ، پێکھێنانی حکوومەتێکی فریاگوزار بۆ ڕەوشی عێراق زۆر نزیکە.

شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە ڕەوشی عێراق بەرەو ئاقارێکی زۆر مەترسیدار دەچێت و ئاماژەیەکی زۆر ڕوونە لە تەقینەوەی گەورەی ڕەوشی عێراق. لەوبارەیەوە، د.محەمەد بازیانی دەڵێت: "لایەنەکان ئامادە نین بگەنە ڕێککەوتن و ڕەوشی وڵاتیش تا دێت ئاڵۆزیی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت، بە تایبەتی لەو چەند ڕۆژەی دوایی عێراق کەوتووەتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدار و بە ھەموو لایەک زەنگی مەترسییان لێداوە، لەوەی ناوچەکە لەسەر ئاگردانە و چیی تر عێراق بەرگەی ئەو ھەموو کێشەیە ناگرێت."

 

وەک شارەزایانی ڕەوشی عێراق ڕوونی دەکەنەوە ھیچ کاتێک وەک ئێستا ڕەوشی عێراق ئاڵۆز نەبووە و ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەگەر ئاوێک بە ئاگرەکەدا نەکرێت ڕووداوی زۆر مەترسیدار بەڕێوەن. دکتۆر محەمەد بازیانی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی؛ "پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی نزیکی دابێ چەندین ڕووداو لە عێراق ڕوو بدەن، ئەگەریش ھەیە ڕەوشەکە بگاتە ئەوەی کۆدەتایەکی سەربازی لە عێراق ڕوو بدات، یانیش زۆر نزیکە لایەنەکان بگەنە ئەنجامێک بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی کار بەڕێکەر، بەتایبەتی دکتۆر ئەیاد عەلاوی زۆر بەئاشکرا باسی لە پێکھێنانی حکوومەتی کاربەڕێکەر و فریاگوزار کردووە، ئەمە لە ھەمووی نزیکترە، چونکە پێشتر ئەزموونمان لەگەڵ لێدوانەکانی ئەیاد عەلاوی ھەیە."

 

لەبارەی ڕاگرتنی چالاکییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە: "ئیدارەی ترامپ دەیەوێ فشار بخاتە سەر لایەنەکانی عێراق و دەشڵێت: "ئەمەریکای سەردەمی ئوباما بەسەرچوو ئێستا ترامپ ھێزی ڕەق بەکار دێنێت و دەیەوێ بە ڕاگرتنی چالاکییەکانی بە لایەنەکانی عێراق بڵێت، گوێڕایەڵی ئەمەریکا بن و بگەنە ڕێککەوتن."

قائید میرۆ