Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەممەد: ١١ی مانگ بە گوتارێكی سەرۆك بارزانی دەست بە بانگەشە دەكەین

 

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتییان وابەستە بووە بە هەڵبژاردنی هەرێم و، چۆنیەتیی بەشداریكردنیان لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق. ئاشكرایشی كرد، ١١ی مانگ بە گوتارێكی سەرۆك بارزانی، وەكو پارتی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن.

مەحموود محەممەد، لە پرێسكۆنفڕانسێكدا رایگەیاند، ئەوان چ بە هاوبەشی لەگەڵ یەكێتیدا، چ دووقۆڵی لەبارەی چۆنیەتیی بەشداریكردنی كورد لە پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق، گفتوگۆیان لەگەڵ چوار لایەنەكەدا كردووە و، لە پێناو یەكڕیزی و یەكدەنگیی كوردیشدا بەردەوام دەبن، كە لەسەر دوو تەوەر گفتوگۆیان كردووە، وەك هەڵبژرادنی هەرێم، هاوكات بابەتی پێكەوەیی كورد لە پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراقدا، كە هەموان هەوڵ بدەن لە ئایندەشدا پێكەوە بمێنن، تا هێزێكی زیاتریان لە بەشداریدا هەبێت.

سەبارەت بە بۆچوونی ئەو چوار لایەنەیش، گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەوانیش چوارقۆڵی قسەیان كردووە، بەڵام جارێ بڕیاری كۆتاییان نەداوە، "ئێمە گوتوومانە گەر بكرێت كۆبوونەوەی شەشقۆڵی لە هەرێم و لە بەغدایش بكەین".

ئەوەشی ئاشكرا كرد، ئەوان پڕۆژەی خۆیان بە نووسین رادەستی هەردوو كوتلەی سەرەكی كردووە و داواشیان كردووە، بە نووسین وەڵامی پڕۆژە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی بدەنەوە، كە خۆی لەسەر هەرسێ بنەمای تەوافوق، تەوازن و شەراكەتدا دەبینێتەوە و، كەركووك و ماددەی ١٤یش سەردێڕی پڕۆژەكەیانە.

لەمەڕ سەردانیكردنی شاندە عێراقییەكان، مەحموود محەممەد تیشكی خستە سەر بەردەوامیی سەردانیكردنی شاندی كوتلەكان بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی، كە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

باسكردنی تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، باسێكی دیكەی پرێسكۆنفڕانسەكەی گوتەبێژی فەرمیی پارتی بوو بۆ مێدیاكان، دووپاتیشی كردەوە، ئەوان سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، گوتیشی: "لایەنەكانیش زۆربەی هەرەزۆی لەگەڵ ئەنجامدانیدان، هیچ قەلەقییەك بۆ ئەنجامنەدانی نەماوەتەوە"، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە رۆژی ١١ی مانگ بە گوتارێكی سەرۆك بارزانی وەكو پارتی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن.

سەبارەت بە بۆردوومانەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبی دیموكرات، مەحموود محەممەد گوتی: "هەڵوێستی ئێمە هەمان هەڵوێستی سەرۆك بارزانییە، بە داخەوەین بۆ ئەو كارە، بە تۆپ و كوشتن، كێشەی كورد چارە ناكرێت، بەڵكوو دەبێت زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن بۆ چارەكردنی كێشەی كورد هەبێت، بەهیواین كارێكی وەها دووبارە نەبێتەوە".

 

خێڵان بەختیار