Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێكخەرێکی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە: پشتگیریی بەڕێز مەسعوود بارزانی بەرز دەنرخێنین

لایەنێک لە خۆپیشاندانەکانی بەسڕە

بەسڕا-KDP.info- بەسڕەییەكان دەڵێن، زۆر شەڕەفمەندن بە پەیامی پشتگیریی سەرۆك بارزانی. باوەڕیشیان وایە، بارزانی كێشەی لەگەڵ گەلی عەرەبدا نییە، بەڵكوو بەرگری لە مافی گەلەكەی دەكات و كێشەكانی ئەو، لەگەڵ حكوومەتی ناوەندە.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانیشتووانی شاری بەسڕە لە هەمبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی باری ژیانیان دەستیان بە خۆپێشاندان كرد و لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق تێك هەڵچوون، خەڵكێكی زۆری سڤیل بوونە قوربانی. دوێنێ سەرۆك بارزانییش پەیامی هاوخەمی و پشتگیریی خۆی بۆ خەڵكی بەسڕا دەربڕی.

پێوەست بەو پەیامەی سەرۆك بارزانی، یاسر عەلی محەممەد، یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپێشاندانەكانی بەسڕا، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمەی بەسڕەییەكان ئەو پشتگیرییەی بەڕێز مەسعوود بارزانی بەرز دەنرخێنین. وەك چۆن ئەو چاكەی ئێمەی لەیاد نەكردووە، ئێمەیش چاكەی ئەو لەیاد ناكەین. بارزانی كێشەی نییە لەگەڵ گەلی عەرەبدا، بەڵكوو كێشەكانی ئەو لەگەڵ حكوومەتی ناوەندە، كێشەكەی سەرەكیی ئەو، ئەوەیە كە بەرگری لە مافی گەلەكەی دەكات."

ئەو رێكخەرەی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە، ئاماژەیشی دا: "خەڵكی داوای بچووكترین مافە سەرەتاییەكانی ژیانیان دەكەن، وەك ئاو و كارەبا و نەخۆشخانە و ...هتد، ڕێژەی بێكاری لە شارەكەدا یەكجار زۆر بەرز بووەتەوە. ئەمانە و چەندان كێشەی ترمان هەن، بەڵام حكوومەتی عێراق لەبری بەهاناوەهاتنمان، بە چەك و كوشتار وەڵاممان دەداتەوە."

لای خۆیشیەوە، عەبدوڕەحمان مستەفا سەعید، چالاكوانی مەدەنی لە شاری بەسڕا، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەسڕەییەكان زۆر شەڕەفمەندن بە پەیامی پشتگیریی بەڕێز مەسعوود بارزانی، ئێمە پێشوازی لە بارزانی دەكەین، وەك چۆن باب و باپیرانمان پێشوازییان لە باوكی كردووە."

ئەو چالاكە مەدەنییە ڕوونیشی كردەوە: "حكوومەتی عێراق شكستی خواردووە و تا ئێستا نەیتوانیوە كەمترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەكەی دابین بكات، ئەوەتا ئێستایش بە چەك وەڵامی خۆپێشاندەران دەداتەوە. ئێمە نامانەوێت ئەم گەندەڵانە ئیدی حكومداریمان بكەن و ناشوەستین تاوەكو هەموو داواكارییەكانمان جێبەجێ دەكرێن."

سەرباز واحید