Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە بارەی ئاڵای کوردستان و ریفراندۆمەوە، وەڵامێک بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران

هێمن هەورامی 
لە چەند رۆژی رابردوو و لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران، محه‌ممه‌د جەواد زەریف، لە بارەی ئالای کوردستانەوە چەند بابەتێکی تیکەڵ کرد. 
زۆرجار خەڵکی ناشارەزا و بەرچاوتەسك و کینە لە دڵ، لێدوان و دەربڕینی بێسەروبەر دەدەن و کەس لێیان ناگرێت. بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامان و سەرسوڕمانە و باوەڕمان نەدەکرد، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بە کەسێکی دیپلۆمات و ئەکادیمی و بەڕێز ناسراوە، ئەو جۆرە لێدوان و قسانەی لێ ببیستین. 
دانانی ئاڵای کوردستان بۆ هەر کوردێک، جێگای سەربەرزی و شانازییەکی زۆرە. لە بارەی ئەوەی سەری بۆ ئاڵای کوردستان دانەنەواندووە لە مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو مام جەلال، پێش هەموو شتیک دەبوا وەزیری دەرەوەی ئێران بیزانیبا، هەموو وردەکارییەکانی مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی مام جەلال، بنەماڵەکەی لێی بەرپرس و ئاگادار بوون نەک سەرۆک بارزانی. 
لە بارەی ریفراندۆمەوە، ئەوە مافێکی سروشتیی هەموو گەلێکە لە چوارچێوەی بڕیاردان لە مافی چارەنووس بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە و کارێکی دروست و رەوای گەلی کوردستان بووە. ئەگەر هەڵە بوایە، گەلی کوردستان بە ٩٣% دەنگی بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نەدەدا. ئەوەی هەڵە بوو، دژایەتیی ئەو پڕۆسە ئاشتیخواز و دیموکراسیانەی گەلی کوردستان بوو. 
هەرچۆنێک بێت، ساڵێک بەسەر ریفراندۆمدا تێپەڕیوە و پێمان سەیرە لەم کاتەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران بە بیری دێتەوە. وروژاندنی ئەم بابەتە لەم کاتەدا و بەم شێوەیە و دەربڕینی هەڵوێستی ناڕەوای وەها بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، بە دڵنیاییەوە کێشە ناوخۆییەکانی ئێران چارەسەر ناکات و، لەو باوەڕە نەبووین گوێبیستی ئەو جۆرە لێدوان و دەربڕینانە بین لە بەڕێزیان.