Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەمان عەقڵیەت

ئاریان فەرەج

عەبادی دەڵێ ئامادە نییە لەبەرامبەر بەشداریی كورد لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیدا، لەسەر كەركووك مساوەمە لەگەڵ كورد بكات، وەك ئەوەی كەركووك مڵكی ئەو بێت و سەودا و مامەڵەی پێوە بكات.
ئەم پیاوە پێدەچێ تا ئێستایش لەو راستییە سادەیە حاڵی نەبووبێت كە هەموو بەدبەختییەكانی عێراق و كۆی ئەو هەڵە سیاسییانەی روویان دا، دەرهاویشتەی ئەم عەقڵیەتە نەزۆك و بێكەڵك و خۆسەپێنە بوو. دەرهاویشتەی پێشێلی دەستوور بوو، گەر ئەوەی زانیبا هەڵبەت ئەو راستییەشی دەرك دەكرد كە كێشەی كەركووك لە دەستوورێكدا كە نەك هەر كورد بەڵكو زۆرینەی عێراق دەنگی بۆ داوە، نەخشەڕێی چارەسەری بۆ دەستنیشان كراوە، ئەوەی مل بۆ ئەو دەستوورەش نەدات ناتوانێ پشتگیریی پێكهاتەكان بە دەست بێنێ.
كورد وەك ناوی خۆی لە كوردستانیەتی كەركووك بێگومانە، بەڵگەنامە مێژوویی و جوگرافییەكانیش سەنەد و پشتیوانن، كاتێكیش كەوتە بەر هەڕەشەی داعش، بە خوێن سەلمێندرا شاری كێیە، دەركەوت كێ خوێنی بۆ دا و پاراستی و نەیهێشت بە دەردی مووسڵ بچێت. ئەوانەش كە ئێستا ئیدیعای خاوەندارێتی دەكەن و گوایە مساوەمەی لەسەر ناكەن، بینیمانن چۆن چنگ لەسەر شان هەڵاتن و لەبەردەم گورگی داعشدا بەجێیانهێشت. لە ریفراندۆمیشدا بۆ هەموو دونیا ڕوون بۆوە كەركووك چی دەوێت و كامەیە بڕیاری خەڵكەكەی.
بەڵام سەرباری ئەوەش، كورد چونكە باوەڕی بە دەستوور و رێگەچارەی یاسایی و سەردەمیانە و باوەڕی بە رێزگرتن لە بڕیار و ئیرادەی خەڵك هەیە، هەر لە دەسپێكەوە قبووڵی بوو كە بە سەرژمێری و بە تەتبیع و بە ئیستیفتای خەڵكەكەی، چارەنووسی كەركووك یەكلا بكرێتەوە نەك بە فەرزی ئەمری واقع.
كەركووك بەو حاڵەتە راگوزار و ناجۆر و كاتییەی ئێستا پێیدا گوزەر دەكات و لە نەتیجەی خیانەت كەوتۆتە بندەستی میلیشیا، نە ناسنامەكەی دەگۆڕێ و نە واقیعێكی نوێی درێژخایەنی بەسەردا فەرز دەكرێ، كەركووك یەكەمجاری نییە داگیر بكرێ و گەر بە داگیركردن بوایە دەمێك بوو كەركووك كوردستانی نەدەبوو. خەڵكانی زۆر لە عەبادی بەهێز و جەبەرووتتر خۆیان لە داگیركردنی كەركووكدا تاقی كردەوە و دواتر سەری خۆیان لەسەر دانا، حیساب هەڵچنین لەسەر ئەو رەوشە كاتییەی ئێستای كەركووك، بۆ كەسێك خەو بە گەڕێكی دیكەی سەرۆكوەزیرانییەوە ببینێ، كورتبینی و ناشایستەیییە، نەخوێندەنەوەی مێژووی دوور و نزیك و دەرس وەرنەگرتنە لە مێژوو. عەبادی چوار ساڵ چی بۆ عێراق كرد جگە لە دزینی سەركەوتنەكانی خەڵكی دیكە، جگە لەو ناڕەزایی و مەحرومییەی كە خەڵك بە خۆپیشاندان تەعبیریان لێ كرد، بە چ روویەكەوە قسەی لەخۆ گەورەتر دەكات و پێی وایە هێشتا لە بانگەشەی هەڵبژاردندایە!.
سنگ دەرپەڕاندن و موزایەدە بەسەر هاومەزهەب و كوتلە مونافیسەكاندا بە تایبەت لە بواری دژایەتیی خواستەكانی كورددا، لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا دەنگی بۆ هیچ كوتلەیەكی شیعی و عەرەبی كۆ نەكردەوە، چجای ئێستا كە هەموان لەبەردەم پێكهێنانی كوتلەی گەورە و تەشكیلی حكوومەتدان، حكوومەتێك بێ رەزامەندی و پەسەندیی پێكهاتەی كورد، مەحاڵە رووناكی ببینێ. بۆیە ئەم جۆرە قسە و لێدوانە كات و زەمیەنەیان بەسەر چووە و بە دەردی كەس ناخۆن.