Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وه‌ڵامی تۆمه‌تی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ده‌داته‌وه‌

هه‌ولێر-KDP.info-  دیندار زێباری ده‌ڵێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جیددی کار دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە  توندوتیژییەک دژی ئافرەتان و بازرگانیکردن بە ئافرەتان و منداڵان و، بە توندی سزای ئەو کەسانە دەدات کە تاوانەکان ئەنجام دەدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی حوزەیراندا دواڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان لەژێر ناوی "بازرگانی بە مرۆڤ" بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڵاو کردەوە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەو شوێنانەن کە لە راپۆرتەکەدا باسیان کراوە.
لەم راپۆرتەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندین تۆمەتی داوەتە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باس لەوە دەکات کە دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی زۆر باوە و لەبەر ئەوەی هەرێم هیچ یاسایەکی نییە بۆ دژایەتیکردن و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ ئەم دیاردەیە بەردەوام لە تەشەنەسەندندایە.
د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا لە وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (٩٣٨٦ لە ٣١/٥/٢٠١٦) حکوومەتی هەرێم بۆ مەبەستی رووبەرووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە چەند لیژنەیەکی لاوەکی لە پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی) پێکهێناوە و بە نووسراوی ئەنجوومەنی دادوەری ژمارە (١٧٤٨ لە ١٥/١٢/٢٠١٦) بڕیاردراوە بە دانانی دادوەری تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و وەزارەتی ناوخۆ چەندین هۆبەی لێکۆڵینەوەی داناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم کەیسانە".
زێباری راشیگەیاند، کە هێنانەکایەی سیستمی ڤیزە ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستاندا هۆکارێکی باش بووە بۆ رێگریکردن و کەمکردنەوەی بازرگانی بە مرۆڤ چونکە سیستەمی ڤیژە ئۆنلاین بە شێوەیەکی مۆدێرن و پرۆفیشناڵانە کار دەکات و کۆنترۆڵی گشت سپۆنسەری کەسە بیانییەکان دەکات و وە ئەم سیستەمە لە کاتی پێدانی لە نێوان (٣٠-٥٠) ڤیزە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی سیستەمەکە رادەوەستێت چونکە هەر کۆمپانیایەکە کۆدی تایبەتی خۆی پێدەدرێت و، ئەم کۆدە بەپێی ئەو ژمارەیەی سەرەوە کار دەکات دەبێت سپۆنسەر یان کۆمپانیا چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ڤیزەی بۆ وەرگرتوون یەکلایی بکاتەوە  و پاشان کۆدەکەی دەخرێتەوە کار، بە پێچەوانەوە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت و ئەم سیستەمە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی هەندێک لە کارەکانی لیژنەی باڵا و لاوەکییەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم رایگەیاند حکوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک کاری کردووە بۆ پاراستنی مافی کرێکاران و بۆ پاراستنی مافی کرێکاران کار بە یاسای کاری عێراقی ژمارە (٣٧)ی ساڵی ٢٠١٥ دەکرێت. هەر بۆیە لە دوای ساڵى (2007)ــەوە تا ئێستا (49317) کرێکاری بیانی بە شێوەیەکی فەرمی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و دوای هاتنیان لەلایەن فەرمانگەی نیشتەجێ (اقامە)ی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ناویان تۆمار دەکرێ لەسەر ئەو کۆمپانیانەی کە دەیانهێنن و زانیارییان هەیە دەربارەی مانەوە و گەڕانەوەیان، هەروەها پشکنینی تایبەتیان بۆ ئەنجام دەدرێت و لەلایەن لێژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوونی بۆ دەکرێ".
دیندار زێباری رایگەیاند حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی ئەمنیی پێویست بۆ پاراستنی کەمپەکانی پەنابەرە سووریاییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین بنکەی پۆلیس و ئاسایش و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت لەناو ئەو کەمپانە کراونەتەوە. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2013 نووسینگەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی کراوەتەوە لە کەمپی دۆمیز کە گەورەترین کەمپی پەنابەرانە لە کوردستان و عێراق. ئەرکی ئەم نووسینگەیە پێشوازی کردن و وەرگرتنی ئەو سکاڵا و داواکاریانەیە کە هاووڵاتیان بە گشتی و ئافرەتان بەتایبەتی بەرزی دەکەنەوە لە بارەی توندوتیژیی خێزانی یان دەستدرێژی سێکسی بەڵام تا ئێستا هیچ سکاڵایەک دەربارەی بوونی دیاردەی بازرگانیکردن بە ئافرەتان یان دەستدرێژیی سێکسی یان لەشفرۆشی بۆ ئەم نووسینگەیە بەرز نەکراوەتەوە بەڵکو ئەو سکاڵایانەی هەبوون بەشی هەرەزۆریان سکاڵای ئاسایی بووە کە پەیوەندییان بە گرفت و کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتییەوە هەبووە.
لە کۆتاییدا زێباری رایگەیاند کە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جیددی کار دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە  توندوتیژییەک دژی ئافرەتان و بازرگانیکردن بە ئافرەتان و منداڵان و بە توندی سزای ئەو کەسانە دەدات کە تاوانەکان ئەنجام دەدەن ئەم جۆرە تاوانەنە لە کۆمەڵگای کوردستانی بە کاری نامۆ دادەنرێن و پێچەوانەی ئایین و دابونەریتی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستانی و سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی و ئیهانەکردنی ئاوارەکان، بەڵام تا ئێستا لەلایەن کارمەندان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هیچ کێشەیەکی لەو جۆرە دروست نەبوو کە تۆمار کرابێت و ئەگەر کێشەش ڕوو بدات چارەسەری بۆ دەکرێت.