Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆلیسی هەولێر 50 تۆمەتباری دەستگیر كرد.. پلانی ئەمنییش ڕادەگەیەنێت

 

هه‌ولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە هاوئاهەنگیی ئاسایش و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكە، 50 كەسیان بە تۆمەتی كوشتن و دزیكردن و ساختەكاری، دەستگیر كردووە.

ڕائیدی ماف (هۆگر عەزیز گەڵاڵی) گوتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، لە پرێسكۆنفڕانسێكدا كە ئەمڕۆ 20-8-2018 لە هۆڵی ڕاگەیاندنی پۆلیس بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا، بە هەماهەنگیی ئاسایش و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، 50 تۆمەتبارمان بە تۆمەتی جیاجیا لە سنووری هەولێر قۆڵبەست كردووە".

گەڵاڵی گوتیشی: "تاوانەكان بریتی بوون لە 24 تاوانی كوشتن كە 31 تۆمەتبار تێوە گلابوون و دەستگیر كراون، هەروەها 15 تاوانی دزیكردن هەبووە كە 16 تۆمەتبار بەو هۆیەوە قۆڵبەست كراون، لە 2 تاوانی ساختەكارییشدا، 3 كەس تۆمەتبار بوون و دەستگیر كراون".

سەبارەت بە پلانی ئەمنییش بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ڕۆژانی جەژندا، هەموو هێزە ئەمنییەكان بە هاوكاریی دەزگای ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی، لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن و سەروماڵی هاوڵاتیان دەپارێزن".

دەشڵێت: "تیمەكانی پۆلیسی فریاكەوتن بە بەردەوامی و 24 كاتژمێر لە شەقام و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان لە ئەركدا دەبن. هەروەها پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان شەو و ڕۆژ بەنێو گەڕەك و كۆڵانەكاندا دەگەڕێن و ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن. پۆلیسی رێككاریی سەربازییش هەمدیسان بەردەوام لە ئەركدا دەبن. جگە لەوەش، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان 24 كاتژمێر تیمەكانیان لە هەموو شوێنێك لە ئامادەباشیدا دەبن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەكەن. هەروەها بنكەكانی پۆلیسیش ئەوانەی لە نزیك گۆڕستانەكانن، بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنی دەكەن".

ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر – ئومێد بابان