Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی لە سووریا ڕزگار کرا

 

هه‌ولێر-KDP.info-   کچێکی کوردی ئێزدی کە پێشتر لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێندرابوو لە لایەن تیمێکی تایبەتەوە ڕزگار کرا.

 

حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاکراوانی کوردی ئێزدی ئاماژەی بۆ ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ڕزگارکردنی کچان و ژنانی کوردی ئێزدیی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش کرد و گوتی: "ھەوڵەکانی ئێمە وەک حکوومەت بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەموو پشتیوانییەکی ماددی و مەعنەوی دەربڕیوە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانین ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین و کچان و ژنانی ڕفێندراوی دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکەین."

 

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بەر لە چەند ڕۆژێک زانیاریمان پێ گەیشت، کچێکی کوردی ئێزدی لە وڵاتی سووریایە و دەستبەجێ ھەموو پێداویستییەکی دارایی و مرۆڤی تەرخان کرا و دوێنێ ئەو کچە کوردە ئێزدییەی سووریا گەیشتەوە ھەرێمی کوردستان و بە کەسوکاری شاد بووەوە، کە تەمەنی ھەژدە ساڵە و خەڵکی گوندی حەردانە."

 

حوسێن قائیدی ڕوونی کردەوە: "تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاوی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی ماون کە ڕزگار بکرێن و پلانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە نووسینگەکەمان بەردەوام بێت لە ھەوڵەکانی بۆ ئەوەی بتوانین ئەوانەی ماویشن ڕزگاریان بکەین، چونکە تا ئێستا  ٣٣٢١ کەس ڕزگار کراون و زیاتر لە سێ ھەزاریش ھێشتا ماون لە ژێر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعشدا."

 

قائید میرۆ