Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەیدەر شەشۆ: شنگال بووەتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی

 

شنگال-KDP.info- فەرماندەی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە شنگال ڕایگەیاند، کێشەی شنگال بووەتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و لەدەست عێراق دەرچووە و تا ئێستا کەس نازانێت چارەنووسی شنگال چی بەسەر دێت.

 

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر شنگال کەوتە دەست حەشدی شەعبی و پێش چەند ڕۆژێک حەشدی شەعبیش خۆی لە ناوچەکە کشاندەوە. لەو بارەیەوە، حەیدەر شەشۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "ئێستا شنگال لە دەست هەموو لایەک دەرچووە و حکوومەتی عێراقیش ئاگای لە شنگال نییە و حکوومەتی هەرێمیش لە شنگال نەماوە، پێویستە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە چارەیەک بۆ شنگال بکریت، ئەگەرنا کارەساتی گەورە لە شنگال دروست دەبن.

 

چەند جارێکە تورکیا شنگال بۆردوومان دەکات، پێش چەند ڕۆژ فرۆکەکانی تورکیا شنگالیان بۆردوومان کرد و بووەتە هۆی کوژرانی سەرکردەیەکی پەکەکە. شەشۆ، لەوبارەیەوە گوتی: "لەم بۆردوومانکردنە چەند ئاماژەیەک هەن و دیارە پەکەکە لە شنگال ماوە و دەبێ پەکەکە ڕێز لە خەڵکی شنگال بگرێت و ناوچەکە جێ بهێڵێت و لە ڕوویەکی ترەوە دەبێ تورکیا ڕێز لە خاکی عێراق بگریت."

 

شەشۆ دەڵێت: "دەزانین حکوومەتی عێراق کارتێکردنی بەسەر هیچ وڵاتێکەوە نییە، چونکە چەندین جارە حکوومەتی عێراق ئیدانەی ئەو تۆببارانەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکات، کەچی تورکیا گۆی لێ ناگرایت".

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی شنگالەوە شەشۆ گوتی: ''دەبێ حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق لە شنگال ڕێک بکەون و ئیدارەیەکی هاوبەش لە شنگال بەڕێوە ببردرێت، ناکرێ ڕەوشی شنگال بەم ڕەوشەی ئێستاوە بەردەوام بێت و خەڵکی شنگال لە مەترسیدا بن، چونکە خەڵکی شنگال زۆر ئازاریان دیتووە."

 

کــاروان بـــاعەدری