Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەمید ئەفەندی: پەکەکە لە شنگال چەکی بەدەستە و عیراقیش بێدەنگە

 

هەولێر-KDP.info- حەمید ئەفەندی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشیك، ڕایدەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق بە هۆی هەبوونی پەكەكەوە لە شنگال تووشی گرفت هاتووە و باوەڕی وایە دەبێ دەڤەرەكە چۆڵ بكەن. دەشڵێت: "نائارامیی ناوچەكە، لە بەرژەوەندیی كەسدا نییە".

 

حەمید ئەفەندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دۆخی عێراق خراپە و لە ڕووی ئەمنییشەوە ناسەقامگیرە، ئەوەتا لە شنگال پەكەكە بارەگای هەیە و چەكی بەدەستەوەیە، توركیاش ئەمە قبووڵ ناكات و عێراقیش بێدەنگە، كەوایە جۆرێك لە كێشەی گەورەی سەربازی هەیە و، عێراق دەبێت هەنگاو بۆ چارەكردنیان بنێت، كاتی خۆی ئێمە هۆشداریمان داوە لە دۆخی شنگال، بەڵام بەداخەوە بەدەمەوەهاتن نەبووە، بۆیە ئەستەمە تا پەكەكە و سوپای عێراق لە شنگال بن ئارامی بۆ ئەو شارە بگەڕێتەوە، ئەمڕۆ توركیا بۆردوومانی كردن و سبەی كەس نازانێت چی دیكە ڕوو دەدات، ئەمانە ناوچەی كوردستانین و تا هێزی پێشمەرگە لەوێ بوو، هیچ گرفتێك نەبوو و ژیان ئاسایی بوو".

 

ئەفەندی گوتیشی: "دۆخی ناوچەكە باش نابێت، تا ڕادەیەكی زۆر پرسەكان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، بۆیە دەبێ ڕێككەوتنێكی نوێ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە".

 

ڕاژیار هەورامی