Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆنفڕانسی مۆسكۆ

زكری مووسا
"مستەفا بارزانی كە هاتە سۆڤیێت، ئومێد و هێزی بۆ ئەو كوردانە گەڕاندەوە كە ماوەی سێسەد ساڵ بوو دوور لە مەوتەنی خۆیان لە كۆمارەكانی سۆڤیێتی پێشوو بە بڵاوی دەژیان". ئەمە وتەی پڕۆفیسۆر نادر نادرۆڤ بوو لە كۆنفڕانسی فیدڕاسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو لە سەرەتای مانگی ئەگۆستی ئەمساڵ لە شاری مۆسكۆ. نادرۆڤ گەورەئاكادیمی و مێژووناس و ئەنترپۆلۆجیی كوردە كە زیاتر لە حەفتا كتێبی لەبارەی ڕۆژهەڵاتناسی و كورد و مێژوو نووسیوە.
ئەو دەیەویست بڵێ، بارزانیی نەمر لە ژیانی پەنابەرێتی و ئاوارەییشدا توانی ببێتە سەرچاوەی ئیلهام لەو بەشەی جیهاندا. ئەو گلەیی لە پەرتەوازەیی و دووبەرەكیی كوردەكان دەكرد. مادام كوردەكان مێژوو و سەرچاوەی ئیلهامی دەوڵەمەندیان هەیە، بۆچی دەبێ پەرتەوازە بن و نەتەوە داگیركارەكان بیانچەوسێننەوە.
ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك كورد لە ڕووسیا و كازاخستان و قرقیزستان و گورجستان و ئەرمەنستان و ئەزەربایجاندا دەژیین. بەشی هەرەزۆریان خوێندەوار و ڕۆشنبیر و بەهێزن. لە ڕووی ئابووری لەسەر پێی خۆیان وەستاون. زمان و كولتووری خۆیان پاراستووە و دەستیان بە مێژوو و هێماكانیانه‌وه‌ گرتووە. نادرۆڤ پێیوایە مستەفا بارزانیی مەزن گەورەترین هۆكاری دروستبوون و دۆزینەوەی ڕۆحی كوردبوونە لەناو كوردانی وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو.
كوردەكان لەوێ نوێنەرایەتیی شایستەترین دیاسپۆرا و جالیەی كورد دەكەن لە سەرانسەری جیهاندا. كوردبوون و مێرخاسی و جوامێری لەگەڵ هۆشیاری و ڕۆشنبیری و چاوكراوەییان ئاوێتە بووە. ئەوەی بینیم سەخاوەت و دڵفراوانی و سادەییان بوو، پەرۆشی بوو بۆ كوردایەتی و سەربەخۆیی، تووڕە بوون لە ناپاكی و پەرتەوازەیی باشوورییەكان.
پرسیاریان لێ دەكردم گەلێك جینۆساید كرا بێت، چۆنچۆنی دڵیان دێت جنێو بە یەكتری بدەن؟ دەیانپرسی بۆ لە باشوور ڕۆشنبیران پشتیان لە كوردبوون كردووە و پاڵپشتی سەرەوەریی ئینسانی كورد نین؟ بۆ میدیا و سایتە كوردییەكان وا شەرمهێنن؟ ئاو دەكەنە ناو ئاشی داگیركاران لە دژی كورد؟ مادام سەرۆك بارزانی هەیە و داوای سەربەخۆیی دەكات، بۆ میدیا و ڕۆشنبیران و ئەحزاب پشتی ناگرنەوە؟ دەیانگوت شەرم دەكەین سەیری بەشێك لە میدیاكانی باشوور بكەین.
ڕاستییەكەی من نەمدەتوانی وەڵامیان بدەمەوە و هۆكارەكان بڵێم و نائومێدیان بكەم، تەنیا ویستم لێیان فێر بم و بنەماكانی كوردبوون ببینمەوە كە لای خۆمان بەهۆی فەرهەنگی داگیركاران و ناكۆكیی ناوخۆیی، زیانی بەركەوتووە. بەشێكی زۆری كوردەكانی ئەوێ ئێزیدین، بەڵام بە پلەی یەكەم خۆیان بە كورد دەزانن و هیچ هەستیارییەكیان بە ئایین و مەزهەب نییە. ئاشتیخواز و ژیر و بوێرن، چاوتێر و مەرد و خوێندەوارن و زۆر چاك ئاگاداری ورد و درشتی ڕووداوەكانن.
ئەو كوردانەی لە جیۆگرافیای سۆڤیێتی پێشوو دەژیین، گەنجینەیەكی سیاسی و كولتووری و ئابووری و مێژوویین بۆ گەلی كوردستان. ئەوان دەتوانن ڕۆڵی دیاسپۆڕایەكی بەهێزی كوردی بە باشترین شێوە بگێڕن بۆ پاڵپشتیكردنی سەربەخۆیی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان. هەروەها ببنە پردێك لەنێوان ئێمە و ئەو جیۆگرافیا پان و بەرینە كە وەك غەربییەكان دڵڕەق و بەرژەوەندیخواز و فەرامۆشكار نییە. لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانن ڕەسەنایەتی و كوردبوونیشمان بیر بخەنەوە كە بریتییە لە ئاشتیخوازی و هێز و یەكبوون.