Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەکێتی له‌ ساڵیادی پارتیدا: ئامادەى درێژەپێدانى خەباتى هاوبەشین

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی ٧٢ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

جەنابى مەسعوود بارزانى -  سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان

بەرێزان/ ئەندامانى مەكتەبى سیاسیی سەركردایەتیى پارتى

سڵاوى هاوخەباتیی گەرم..
خۆشحاڵین، بە ناوى مەكتەبى سیاسیى یەكێتیى نیشتمانیى كوردستانەوە، بە بۆنەى (٧٢) ساڵەى دامەزراندنى پارتە تێكۆشەرەكەتان، پیرۆزبایى گەرمتان لێ بكەین.

(٧٢) ساڵ لەمەوبەر، لە هەلومەرجى دواى جەنگى دووەمى جیهاندا، پارتى دیموكراتى كوردستان، بۆ باشتر ڕێكخستن، ڕابەرایەتیكردنى لایەنە سیاسییەكانى كوردایەتى، لە سایەى كۆمارە بەكۆرپەیى ڕوخێندراوەكەى ڕۆژهەڵاتى كوردستاندا دامەزرا و لەو قۆناغەدا و، لە مێژووى نوێى سیاسیى ئەو سەردەمەدا، هەتا شۆڕشى ئەیلوول، پارتى ڕۆڵێكى مێژوویى گێڕا. لە دواى خیانەتنامەى جەزائیر و بەرپابوونەوەى شۆڕشى نوێشدا، سەرەڕاى دۆخى دژوارى شۆڕشەكە و دۆخەكە، دیسان پارتى ڕۆڵێكى گرنگى هەبوو.

لە دواى دامەزراندنى بەرەى كوردستانییەوە، پەیوەندیى یەكێتى و پارتى، هەروەها لایەنەكانى ترى كوردستانى، گوێزرایەوە بۆ قۆناغى بەرپرسیارێتیی ڕزگارى و دیموكراسیى نەتەوەیى هاوبەش. سەرەنجامەكەى ڕاپەڕین و دەستكەوتەكانى هەڵبژاردن و پەرلەمان و حكوومەتى هەرێم بوو. پاشان، گەوهەرى ئەم پەیوەندییە، گەیەندرایە ستراتیژیى ڕووخاندنى سەدام و دەستكەوتە مێژووییەكانی دواى ئەوە، لە پێشەوەدا دەستەبەركردنى فیدراڵ لە دەستوورى هەمیشەییى عێراقدا.

كۆى دەستكەوتەكانى هەرێمى كوردستان، هەتا هەنووكەش، بەرى خەباتى هاوبەشمانن. دیارە هێشتا مێژوو ئەركى گەورەى خستۆتە ئەستۆمان..

یەكێتى، ئەم بۆنە پیرۆزەتان بە هەل دەزانێ، جەخت بكاتەوە كەوا:
بە ئەزموونوەرگرتن، لە تەواوى ئەزموونەكانمان، ئامادەى درێژەپێدانى خەباتى هاوبەشین لە عێراق و كوردستان و ناوچەكەشدا. بە ئومێدى ئەوەى، هەردوولامان، ماف و ئەركەكانمان بزانین و هاوسەنگیى دابینكردنى مافەكان و ڕاپەڕاندنى ئەركەكان، لە سەرجەم بوارەكاندا بهێنینە دى.

بەڕێزینە!
هێشتا ڕێى خەباتمان دورودرێژە. هێشتا ڕێڕەوى هاوبەشمان پڕ لە كەندوكۆسپە. بۆیە ئەركمانە، یەكڕیزیى ماڵى كوردستان ببووژێنینەوە و حكوومەتى كوردستان كاراتر بكەینەوە و تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكەین، لەپێشەوەدا، گۆڕانكارى لە سیستەمى حوكمڕانى و سەروەرى یاسا و ڕیشەكێشكردنى گەندەڵى. بۆ ئەوەى، بەم یەكڕیزییە و بە حكوومەتێكى بەهێز و بەدڵنیایى سیاسییەوە، بەشداریى كاریگەر لە پێكەوەنانى حكوومەت دواى هەڵبژاردنى عێراق بكەین و ئەم جارە، بەكردەوە، حكوومەتى عێراق، پابەندى دەستوور و پشكى ڕاستەقینەى كورد بێ، لەپێشەوەدا، مافى ئابورى و مافەكانى پێشمەرگە و ڕێساى نوێى نەوت و گاز و جێبەجێكردنى ماددەى (١٤٠).

خوشك و برایان!
یادى پارتیتان پیرۆز بێ. گیانى پاكى شەهیدانتان لەگەڵ تێكڕاى شەهیدانى كوردستان، ئاسوودە بن. ئاڵاى چارەى خۆنووسینمان هەر شەكاوە بێ.

لەگەڵ ڕێزى مەكتەبى سیاسیى یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان

١٦/ى ئابى/ ٢٠١٨