Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕۆژنامەیەک: حکوومەتی عێراق لە پشتەوە خەنجەری لە پەکەکەی هاوپەیمانی دا

 

هەولێر-KDP.info-  زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بۆردوومانەی بەهۆیەوە ژمارەیەک بەرپرسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گیانیان لە دەست دا، بەهۆی زانیارییە وردەکانی سوپا و حەشدی شەعبی بووە.


ئێوارەی چوارشەممە ١٥ی ٨ی ٢٠١٨، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی پێگەکانی پەکەکەیان لە شنگال کرد و بەهۆیەوە هەریەک لە ئیسماعیل ئۆزدەن، ناسراو بە زەکی شنگالی، سه‌رپه‌رشتیارى ده‌ڤه‌رى شنگال و ئه‌ندامى رێڤەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، حه‌ربۆ خدر مردۆ، هه‌ماهه‌نگكار له‌نێوان حكوومه‌تى عێراق و په‌كه‌كه و مه‌زلووم رۆس، فه‌رمانده‌ى چه‌كدارانى یه‌به‌شه‌‌- ئه‌ندامى په‌كه‌كه‌ كه‌ خه‌ڵكى ئه‌رمینیایه‌، گیانیان لە دەست دا.

(باس نیوز) بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بۆردوومانە بە شێوەیەکی چڕ و بەپێی زانیاریی هەواڵگری و سەربازیی ورد بووە و سەرجەم ئەو زانیارییانەش لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە بە تورکیا دراون.

بۆردوومانەکەی تورکیا لە کاتێکدا بووە کە کەمتر لە ٢٤ سەعاتی بەسەر سەردانەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆماری تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆگاندا تێپەڕ ببوو، بۆیە چاودێران پێیانوایە کە حەیدەر عەبادی لەو هێرشەدا ئاگادار بووە و زانیارییەکان بە ڕەزامەندیی خودی عەبادی بە تورکیا دراون.

پێدانی زانیاری لەبارەی پێگەکانی پەکەکە لە شنگال، لە کاتێکدایە کە ساڵانێکە ئەو حزبەی باکووری کوردستان، هاوپەیمانی حکوومەتی عێراقە و پێشتر هێزەکانی پەکەکە لە شنگال مووچەیان لە حەشدی شەعبی وەرگرتووە. هەروەها لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کە بەهۆیەوە ناوچەیەکی بەرفراوان کەوتنە دەست هێزەکانی عێراق، پەکەکە لە ناوچەی شنگال مایەوە و تەنیا لە چەند شوێنێکدا ئاڵاکانی هێنایە خوارەوە. بۆیە چاودێران پێیانوایە کە حکوومەتی عێراق و سوپا و حەشدی شەعبی لە پشتەوە خەنجەریان لە پەکەکە داوە.