Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

په‌رله‌مان: پێویسته‌ حكوومەت پەلە بكات.. داھاتی كوردستان جێگیر بووە

 

ھەولێر-KDP.info- لیژنەی دارایی جەحت دەكاتەوە، كە بڕیارە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێم بۆ ساڵی داھاتوو پەسەند بكرێت، بەوەی كە پێش مانگی ١٠حكوومەت پڕۆژەیاساكە بۆ پەرلەمان رەوانە بكات و لە مانگی ١٠ـیش ئەوان پەسەندی بكەن، چونكە ئێستا دۆخی ئابووری باشتر بووە وداھاتی ھەرێمیش جێگیرە.

رۆژ بە رۆژ دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەچێت، ئەمەیش بە ھەوڵی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە توانی لە رێگەی دانانی پلانی دۆكمە و ئەنجامدانی چاكسازی، ھەرێم لە قەیرانی دارایی رزگار بكات و ئێستا ھەرێمی كوردستان خەریكە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابووریی پێشووی خۆی و سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەن بۆ ساڵی داھاتوو، چونكە بە قسەی لیژنەی دارایی، ئێستا داھاتی ھەرێم جێگیرە، بۆیە دەتواندرێت پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بكرێت.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، د. شرین حوسنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی كوردستان بەردەوامن و سەرۆكی حكوومەت، وەزیرە پەیوەندیدارەكانی ئاگادار كردووەتەوە، كە بودجە ئامادە بكەن و زۆر پێویستیشە ئامادە بكرێت، چونكە دۆخی ئابووریی ھەرێم باشتر بووە و داھاتی ھەرێمی كوردستان ئێستا جێگیر بووە.

حوسنی گوتیشی: "پێویسته‌حكوومەت پەلە بكات و پڕۆژەیاساكە ئامادە بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكات، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی لە بەردەستی ئێمەدایە، بتوانین پەسەندی بكەین پێش ئەوەی ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چونكە پێویستە حكوومەت تاوەكو پێش مانگی ١٠پڕۆژەیاساكە بۆ ئێمە رەوانە بكات و ئێمە تاوەكو ٦/١١كاتمان لەبەر دەستە و دەتوانین پڕۆژەكە پەسەند بكەین".

سەبارەت بەوەی ئامادەكارییەكان بە كوێ گەییشتوون، حوسنی باسی لەوە كرد، كە ھەموو وەزارەتەكان سەرقاڵی ئامادەكارییەكانن بۆ ئەوەی خەرجی و داھاتی خۆیان دیاری بكەن و پێویستە تاوەكو پێش مانگی ١٠ رەوانەی پەرلەمانی بكەن.

لەبارەی دۆخی ئابووریی ھەرێمشەوە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان رۆژ بەرۆژ بەرەو باشتر دەچێت، چونكە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و ٣١٧ملیار دینار لە بەغدا دێت و ھاوكارییەكانی ئەمەریكایش مانگانە بەردەوامە كە ٢٥ملیۆن دۆلارە و داھاتی ناوخۆیشمان ھەیە، بۆیە ئێستا داھاتی ئێمە جێگیرە، لەبەر ئەوە دۆخی ئابووری بەرەو باشتر دەچێت و لە ساڵی داھاتوودا زۆر باشتریش دەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم