Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: پارتی بە هێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت

هەولێر-KDP.info-  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی رایگەیاند، به‌ درێژایی ٧٢ ساڵ خه‌باتی به‌ رێبه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر و جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، رۆژانی سه‌خت و پیلانی گه‌وره‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر و دوژمنان و تێکشکاندنی پیلانی خیانه‌تکاران، لەمەولاش پارتی بەهێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت و سەر بۆ هیچ فشارێک و هەڕەشەیەک ناچەمێنتەوە.

دەقی په‌یامی مه‌سرور بارزانی
به‌ بۆنه‌ی ١٦ی ئاب، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات له‌دایکبوونی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرجەم پەیڕەوانی رێبازی پارتی و بارزانی و نیشتمانپەروەرانی کوردستان دەکەم.

بۆ من و سەرجەم دڵسوز و تێکۆشەرانی راستەقینەی نیشتمان، سه‌رۆک بارزانی رێبەر و هێمایەکی مه‌زنی نیشتمانییە‌، که‌ ته‌واوی ژیانی خۆی، بۆ سه‌رفرازی میلله‌ته‌که‌مان و چه‌سپاندنی ئاشتی و و په‌ره‌پێدانی که‌لتوری مرۆڤدۆستانه‌ و پێکه‌وه‌ژیانی گشت پێکهاتەکانی کوردستان تەرخان کردووە‌. وێڕای پێرۆزبایی، هیوای ته‌مه‌ندرێژیی بۆ جەنابیان ده‌خوازم.
به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانم، سوپاس و پێزانینم ئاراستەی هه‌موو هه‌ڤاڵانی پارتی (پێشمه‌رگه‌، کادر، ئه‌ندام و لایه‌نگرانی) بکه‌م، که‌ وێرای هەموو سەختی و قەیرانەکان، به‌ هه‌وڵ و چالاکی به‌رده‌وامیان، پارتی لە سەر ئاستی نیشتمان و ناوچەکەدا بە پێشەنگی و هێزەوە ماوەتەوە‌‌.
لەم بۆنەیەدا له‌به‌رانبه‌ر شکۆی شه‌هیدانیشدا، سه‌ری رێز داده‌نوێنین و دووپاتیده‌که‌ینه‌وه که‌ هه‌میشه له‌ یادمان ده‌بن و خزمەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانیش بە ئەرکی هەرە لە پێشینەی خۆمان دەزانین.

پارتی، به‌ درێژایی ٧٢ ساڵ خه‌باتی به‌ رێبه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر و جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی، رۆژانی سه‌خت و پیلانی گه‌وره‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر و دوژمنان و تێکشکاندنی پیلانی خیانه‌تکاران، لەمەولاش پارتی بەهێزی زیاترەوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت و سەر بۆ هیچ فشارێک و هەرەشەیەک ناچەمێنتەوە.
ئه‌مڕۆ له‌ کاتێکدا ، ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی پیرۆز ده‌که‌ین، پارته‌که‌مان وه‌ک هه‌میشه ئاڵا هه‌ڵگری به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مانه‌ و لەو بۆنەیەشدا جەخت لە سەر خەباتی بێ وچانمان بۆ گەیشتن بە هەموو ئاوات و خواستە ڕەواکانی گەلەکەمان دەکەینەوە و لە هەمانکاتدا بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە سەر بنەمای رێزی دوولایەنە هەوڵی چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوە ژیان لە گەل گشت نەتەوەکانی ناوچەکە دەدەین.
گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که‌، ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت  ئێمه‌ی هه‌ڤاڵانی پارتی ساز و ئاماده‌تر له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا بین، چونکه‌ له‌گه‌ڵ به‌هێزیی پارتی، کوردستانێکی به‌هێزمان ده‌بێت و هەر پارتی وەک هەمیشە هەوێنی یەکریزیی ناوماڵی کوردستانیش دەبێت.
بژی کوردستان.
به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنی زیاتر.

مه‌سروور بارزانی
١٦ی ئابی ٢٠١٨