Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی لە ساڵیادی دامەزراندنیدا: بەسەر پیلانەكانی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمدا سەركەوتین، كاتی پێشخستن و گەشەپێدانەوەی وڵاتەكەمانە

هەولێر-KDP.info-  لە ساڵیادی دامەزراندنیدا، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت دەکاتەوە، پارتی بە هەمان ورە و باوەڕ و بەرچاوڕوونی، بە هەمان پێداگیری لەسەر پرنسیپە نەگۆڕەكانی رێبازی بارزانی، بە هەمان قەناعەتی نەگۆڕ بە رەواییی دۆزی كورد و داوا و ئاواتە ڕەواكانی، سوورە لەسەر پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان كە لە پێنج ساڵی رابردوودا بە جۆرەها پیلان و شەڕپێفرۆشتن و سەنگەر لێگرتن ویستیان لە ناوی ببەن و رەنجی سەد ساڵەی كورد بە با بدەن.

هەر لە بەیاننامەکەیدا بە بۆنەی ٧٢ـوەمین ساڵیادی ڕاشیدەگەیێنێ، "ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە دەستپێكی قۆناغێكی نوێی دەستپێكردنەوەی ئاوەدانكاری و گەشەپێدان و پێشخستنی كوردستان كە ساڵانی رابردوو بە هۆی شەڕ و سیاسەتی برسیكردن و ململانێی ناموجەب و بێسەمەری ناوخۆییەوە راوەستابوو. مادام لە پاراستنی كوردستان و تێكشكاندنی پیلانەكانی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمدا سەركەوتین، ئیتر كاتی دەستكردنەوەیە بە پێشخستن و گەشەپێدانەوەی وڵاتەكەمان."

 

دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

لە حەفتاودووەمین ساڵیادی شازدەی ئابدا:

 

ئەندام و لایەنگران و جەماوەری كۆڵنەدەری پارتیمان

كوردستانیانی تێكۆشەر

رۆڵەكانی نەتەوەی كوردی نەبەز

 

حەفتاودوو ساڵ لەمەوبەر، كاتێك نائومێدی باڵی ڕەشی بەسەر نەتەوەی كورردا كێشابوو، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك چرایەك داگیرسا تا دڕ بە تاریكی و بێهیوایی بدات و دووبارە  ورە و بڕوا لە ناخی مرۆڤی كورددا بژێنێتەوە. پارتی وەك وەڵامدەرەوەی غەدری مێژووییی بێبەشكردنی كورد لە مافی چارەنووس، بۆ كۆتاییهێنان بە بندەستی، بۆ ئەوەی نەتەوەی كورد وەك چوارەم گەورەنەتەوەی ناوچەكە، پێگەی شایستەی خۆی بە دەست بێنێتەوە، وەك زەرورەتێكی مێژوویی و گوزارشت لە ئیرادەی میللەتێك هاتە مەیدان كە ئامادە نەبوو بندەستی و پاشكۆیەتی وەك قەدەر و چارەنووسێكی نەگۆڕ قبووڵ بكات.

پارتی هەر لە دەسپێكەوە و لەبەر رۆشناییی فكر و فەلسەفەی بارزانیی نەمر و رێبازەكەی، كوردایەتییەكی ئاوێتە بە بەها ئینسانییەكانی ئاشتیخوازی و دیموكراسی و عەدالەتی كردە پەیڕەو، هەر لە دەسپێكەوە بە رەغمی دڕندەییی دوژمنان، هەموو جۆرە كاردانەوە و توندڕۆییەكی ئایدیۆلۆژی رەت كردەوە و بۆیەش هەرگیز نەیارانی كورد بەهانەیان نەكەوتە دەست تا كوردایەتی بە تیرۆر و توندئاژۆیی تۆمەتبار بكەن. هەر لە سەرەتایشەوە رێی خەباتی سیاسی و مەدەنی و جەماوەریی گرتەبەر و، تا ناچار نەكرا دەستی نەدایە چەك.

لەسەر ئاستی كوردەوارییش، پارتی زیاتر لەوەی وەك حزبێكی بەرتەسك هەڵسوڕێ، وەك بزاڤێكی جەماوەریی و مەكۆی كۆكەرەوەی  تواناكانی خەڵكی كوردستان هاتە مەیدان، بۆیەش توانی ببێتە چەتری خەباتی تێكڕای كوردستانیان بە جیاوازیی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییان. توانی هەمووان لە دەوری یەك ئامانج كۆ بكاتەوە كە رزگاریی نیشتمانی و بەدەستهێنانەوەی مافی دیاریكردنی چارەنووسە كە مافێكی خوداییە بەرلەوەی مافی  یاسایی هەر گەل و نەتەوەیەك بێت.

پارتی بەم روانگا ئینسانی و بەرچاوڕوونییەوە، توانی بە پشتیوانیی گەلی ئازادیخوازی كوردستان، پێشڕەوایەتیی بزاڤی رزگاریخوازیی و شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و كاروانی نەپساوەی تێكۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتی و دیپلۆماسی و رێكخراوەیی و جەماوەریی خەڵكی كوردستان بكات. لەو كاروانە دوورە‌ڕێیەدا سەرباری دڕندەییی رژێمە دیكتاتۆرە شۆڤێنییەكان و پیلان و نسكۆ و شەڕی قەڵاچۆ، توانی قۆناغ بە قۆناغ مافەكانی گەلی كوردستان بە دەست بێنێتەوە و تا بە ئەمرۆیش دەگات ماندوونەناسانە لە خەبات بەردەوامە و سەرباری هەموو هەوراز و نشێوێك، وەك چیایەكی سەركەش لە مەیدانە و ئەمڕۆ لە هەر كات زیاتر مودافعی سەرسەختی مافەكانی كورد و كوردستانە.

ئەمڕۆ كە یادی حەفتاودووەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، پارتیمان بە هەمان ورە و باوەڕ و بەرچاوروونی، بە هەمان پێداگیری لەسەر پرنسیپە نەگۆڕەكانی رێبازی بارزانی، بە هەمان قەناعەتی نەگۆڕ بە رەواییی دۆزی كورد و داوا و ئاواتە رەواكانی گەلەكەمان و بگرە زیاتر لە جارانیش، سوورە لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەكانی. سوورە لەسەر پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان كە لە پێنج ساڵی رابردوودا بە جۆرەها پیلان و شەڕپێفرۆشتن و سەنگەر لێگرتن ویستیان لە ناوی ببەن و رەنجی سەد ساڵی كورد بە با بدەن.

لە پێنج ساڵی رابردوودا، پارتیمان رووسوورانە و بە ورە و بڕوایەكی پۆڵایینەوە رووبەڕووی تێكڕای ئەو پڕكێشی و هەڕەشانە بۆوە و خۆشبەختانە یەك بە دوای یەكدا تێكی شكاندن. پارتیمان و سەرۆك بارزانی رابەرایەتیی شەڕی بەرگریی لە كوردستان و تێكشكاندنی داعشی بە پیرۆزی گەیاند.

پارتی له‌به‌رده‌م شه‌ڕی برسیكردن و نانبڕیندا، نه‌یهێشت كوردستان چوك دابدات و ته‌سلیم بێت، تا نانبڕه‌كان نائومێد بوون. نه‌یهێشت مه‌رامی به‌ره‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ر بێته ‌دی و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و به‌سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌كی زه‌لیل و پاشكۆدا دابه‌ش بێت.

پارتیمان به‌ سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ و بێ‌ كه‌مترین سازش له‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكانمان، سزا ناڕه‌واكانی سه‌ر كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، رایه‌ڵه‌كانی كوردستانی له‌گه‌ڵ جیهان گرێدایه‌وه‌، پێگه‌ و ئیعتباره‌ جیهانییه‌كه‌ی له‌ جاران پته‌وتر بۆ گێڕایه‌وه‌.

پارتی توانی به ‌ته‌نیا شان بداته‌ به‌ر مه‌سئولیه‌ت و كۆڵ نه‌دات تا ئاسۆی چاره‌سه‌ر به‌ ڕووی هه‌موو قه‌یرانه‌كاندا بكاته‌وه‌ و ته‌نگانه‌ و گرفته‌كان به‌ره‌و كۆتایی ببات.

لە هەڵبژاردنی عێراقیشدا هەموو ئەو هێز و ناوەندانەی خەونی حوشتریان بە بچووكبونەوە و نەمانی پارتییەوە دەبینی، لە لایەن خەڵكی بە شەرەفی كوردستانەوە باشترین وەڵام درانەوە و بەو دەنگ و متمانەیەی بە پارتییان دا، جارێكی دیكە بۆ دۆست و ناحەزیان دووپات كردەوە كە زۆرینەی گەلی كوردستان پشتیوانی پارتین و هەڵوێستەكانی بە گوزارشت لە ئیرادەی ئازادیخوازانەی خۆیان دەزانن.

ئەمڕۆ كە یادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، لەبەردەم ئیستحقاقی هەڵبژاردنێكی نوێداین، كە دڵنیاین پشت بە خوا و بە گەلی هۆشیاری كوردستان ئەنجامەكەی سەركەوتنێكی دیكەی شەرەفمەندانەیە بۆ پارتی و رێبازی كوردایەتی و خۆنەچەماندن. سەركەوتنی پارتی پەیامێكی دیكە دەبێت بۆ دۆست و نەیار، كە پارتی چەقی دۆزی رەوای كوردە، نوێنەری ویست و ئیرادەی گەلی كوردستانە و هەر خەون‌بینێك بە بچووككردنەوە و پەراوێزخستنی پارتییەوە، خەون بینینە بە پەراوێزخستنی میللەتی كوردەوە كە هەرگیز قابیلی بچووككردنەوە نییە.

ئەم هەڵبژاردنە دەشبێتە دەسپێكی قۆناغێكی نوێی دەستپێكدنەوەی ئاوەدانكاری و گەشەپێدان و پێشخستنی كوردستان، كە ساڵانی رابردوو بە هۆی شەڕ و سیاسەتی برسیكردن و ململانێی ناموجەب و بێ سەمەری ناوخۆییەوە راوەستابوو. مادام لە پاراستنی كوردستان و تێكشكاندنی پیلانەكانی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمدا سەركەوتین، ئیتر كاتی دەستكردنەوەیە بە پێشخستن و گەشەپێدانەوەی وڵاتەكەمان.

ئەم هەڵبژاردنە متمانە و شەرعیەت بۆ دامەزراوەكانی كوردستان نوێ دەكاتەوە به‌ پێكهێنانی په‌رله‌مانێكی تازه‌ و حكوومه‌تێك به‌ پاڵپشتییه‌كی بەهێزتر‌، تا بونیادنانی ده‌ستوورێكی سه‌رده‌می بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ حوكمڕانییه‌كی دروستتری لێ بكه‌وێته‌وه‌ و، هاوكات دەنگیشمان زوڵاڵتر ده‌كات له‌ عێراق بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان و، لە ناوخۆیشدا بە ئیرادەیەكی جیددیتر كار بۆ چاكسازییەكی سەرتاسەری بكەین كە بە قازانجی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافیەتی زیاتر و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە.

بانگەوازمان بۆ جەماوەری كۆڵنەدەری پارتیمان ئەوەیە، بە فروانی و بە گوڕوتینێكی پارتییانەوە بەشداری لەو پرۆسە دیموكراتییەدا بكەن و وەك هەمیشەش ئارام و سەنگین و لە ئاستی ناوبانگی بەرزی پارتەكەیاندا بن.

 

هاووڵاتیانی ئازیز

عێراق و ناوچەكە بە هەلومەرجێكی دژواردا تێدەپەڕێ، ئاستی ناڕەزاییی خەڵك لە ئەدائی حكوومەت و دامەزراوەكانی تا دێ هەڵدەكشێ، قەیرانی پێكنەهاتنی لایەنەكان درێژەی كێشاوە، لەم هەلومەرجە ناسازەدا بۆ هەموو لایەك روون بۆتەوە كە ئەگەر مانەوەی عێراق وەك وڵاتێك مەبەست بێت، جگە لە گەڕانەوە  بۆ دەستوور و ئەو پرنسیپانەی عێراقی نوێیان لەسەر دامەزرا، هیچ رێگەیەكی تر نییە.

لەم پێودانگەوە بانگەوازی پارتی بۆ هەموو لایەنە كوردستانییەكان ئەوەیە، ناكۆكییە نێوخۆییەكان وەلاوە بنێین و پێكەوە و بە هەماهەنگی و هاوخیتابی، بە دەنگێكی یەكگرتووی بەهێز لە بەغدا، هەم داوا دەستوورییەكانمان بچەسپێنین و هەم كاریگەریمان بەهێز بێت بۆ راستەڕێكردنەوەی عێراق و گێڕانەوەی بۆ دەستوورسالاری و پێكهێنانی حكوومەتێكی رەشیدی خزمەتگوزاری، بەرمەبنای پێكهاتنی هەمووان.

 

گەلی قوربانیدەری كوردستان ..

پارتییە خۆڕاگر و كۆڵنەدەرەكان ..

لە یادی شازدەی ئابدا، بەڵێن  بۆ سەركردە و دامەزرێنەری پارتیمان مستەفا بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد و تێكڕای شەهیدانی پارتی و رێگای رزگاری كوردستان نوێ دەكەینەوە، كە  کە پارێزەر و قوتابی بە وەفای ئەم رێبازە بین و تا بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی كە ئەوان لە پێناویدا گیانیان سپارد، كۆڵ نەدەین.

لە یادی شازدەی ئابدا، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان نەوی دەكەین. لە یەكەم شەهیدی شۆڕشەوە تا ئەو پێشمەرگە نەبەزانەی بە بەختكردنی گیانی خۆیان كوردستان و خەڵكەكەی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و تەنانەت سەدانهەزار ئاوارە و پەناهەندەیان لە نەتەوە و ئایینی جیا جیا لە سەرسەختترین دوژمن پاراست. ئەوانەی بە قارەمانێتیی خۆیان سەنگ و ئەرزشی كوردیان لە جیهاندا گەیاندە لوتكەی رێز و ئیعتیبار. سڵاو و دروود  بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان.

دروود و سڵاو بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە نەك هەر مەردانە كوردستانیان لە شەڕی داعشدا سەرخست، بەڵكو سەلماندیشیان كە لە سەروو هەموو ناكۆكییەكی نێوخۆیین و ئینتمای یەكەمیان تەنیا بۆ خاك و خەڵكی كوردستانە.

سڵاو بۆ كادیرە دڵسۆزەكانی پارتیمان كە لە هەموو هەلومەرجێكدا خۆڕاگر و ماندوونەناس و نموونەی وررە و كۆڵنەدانن. سڵاوی گەرم بۆ تێكڕای ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتیمان، ئەوانەی حەفتاودوو ساڵی رەبەقە ئاڵای پارتییان لە بەرزیدا هێشتۆتەوە و لە سەركەتن و شكست و لە هەوراز و نشێودا، باوەڕیان نەگۆڕ و ئیرادەیان پۆڵایین و ئیمانیان بە رێبازی بارزانی هەتا دێ پتەوتر دەبێ.

سڵاو و پێزانین بۆ خۆڕاگریی تێكڕای گەلی كوردستان كە بەرگەی قەیرانی ئابووری و سەختیی ژیانیان گرت و سەرباری مەینەتی و نەبوونی، سەبەرز و خۆڕاگر بوون و سەلماندیان شكۆ و كەرامەتی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە. هەر ئەو سەربەرزییەش بوو دواجار شكستی بە قەیران هێنا.

هەر شەكاوە بێ ئاڵای پارتیمان، پارتیی نەبەزین و كۆڵنەدان.

سەركەوێ خەباتی رەوای نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان  .

بژی كورد و كوردستان.

 

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

16ی ئابی 2018