Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باڵیۆزی ئەمەریکا، ستراتیژیەتی وڵاتەکەی لەبارەی شەڕی داعش و گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان بۆ سەرۆک بارزانی خستە ڕوو

هەولێر-KDP.info-  سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەریكا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ستراتیژیی وڵاتەكەی لەبارەی دوا وێستگەكانی شەڕی داعش و یارمەتیدانی ئاوارە و پێكهاتەكانی عێراق و هەروەها گۆڕانكارییە هەرێمایەتییەكان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و ئاماژەیشی بە ڕۆڵی كاریگەری سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم دا لە پەنادان و پاراستنی پێكهاتە و ئاوارەكانی عێراق لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.

ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 8ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دۆگڵاس سڵێمان  باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ فاگین كونسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پێشهاتە تازەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوتوێ كرا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ستراتیژیی وڵاتەكەی لەبارەی دوا وێستگەكانی شەڕی داعش و یارمەتیدانی ئاوارە و پێكهاتەكانی عێراق و هەروەها گۆڕانكارییە هەرێمایەتییەكان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و ئاماژەیشی بە ڕۆڵی كاریگەری سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم دا لە پەنادان و پاراستنی پێكهاتە و ئاوارەكانی عێراق لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی عێراقی دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازە و هاوكێشەكانی ناو عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بە لای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە بەرنامەی حكوومەتی ئاییندەی عێراقە و هەروەها پابەندبوونی لایەنەكان بە سێ پڕەنسیپی هاوبەشی لە حوكمداری و تەوافوق لە یاسادانان و هاوسەنگی لە دامەزراوەكان ئەولەویەتی سەرەكییە و جەختی لەوەیش كردەوە كە ڕەچاوكردنی ئەو سێ پڕەنسیپە دەبێتە هۆی چارەكردنی زۆر لە كێشەكان.