Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا و کوێت بۆ وەبەرھێنان و بازرگانی دێنە کوردستان "

هه‌ولێر-KDP.info- گەشەی بازرگانی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تا دێت کۆمپانیا بیانییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و بەشدارییان لە کەرتی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستاندا ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.

سێ وڵات بڕیاریان داوە کۆمپانیاکانیان لە چەند مانگی داھاتوو لە ھەرێمی کوردستان دەست بەکار ببن و وەک سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان دەڵێ: "دوای قۆناغی جەنگ و ئابلۆقەی ئابووریی سەر ھەرێمی کوردستان ئیدی قۆناغی بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە.

گەیلان حاجی سەعید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "دوێنێ شاندێکی بازرگانیی ئەڵمانیا سەردانی یەکێتیی ھەناردە و ھاوردەکارانی کوردستانیان کردووە و دڵنیایی دراوەتە ئێمە ئەڵمانیا و کۆمپانیاکانی ھاوکار دەبن بۆ ھەستانەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان."

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران ڕوونی کردەوە: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و ساڵانی پێشووتریش گەشەی ئابووری و قەبارەی بازرگانی و وەبەرھێنان زۆر ھەڵکشاوە، لەبەر ئەوەش گەشبینین بە بەرەوپێشڤەچوونی کەرتی ئابووری و بازرگانیی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی دابێت."

گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەردوو وڵاتی کوێت و ئەڵمانیا لە چەند مانگی کۆتاییی ئەمساڵدا ژمارەیەک کۆمپانیا ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکەن و کۆمپانیاکانی ئەو دوو وڵاتە ڕۆڵیان لە ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتە جیاوازەکاندا دەبێت، ھەروەک پێشتر کۆمپانیا سعوودییەکان بەڵێنی کارکردنیان لە ھەرێمی کوردستان دەرکردووە."

قائید میرۆ