Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانی دەستبەكاربوونی پێنج بەڕێوەبەری گشتیی دەركرد

 

دھۆك-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك ده‌ڵێ، دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە پەسەند كران و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كران، لە ئێستادا فەرمانی دەستبەكاربوونی پێنج بەڕێوەبەری گشتی دەرچووە.

ئەو پێنج بەڕێوەبەرەی فەرمانی دەستبەكاربوونیان دەرچووە، بریتین لە ھەر یەكە لە (دیار بەحری) بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی، (عومەر عەلی) بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە، (كوردۆ ئیحسان) بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان، (شیراز حەمید) بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتی و (ژیان مستەفا) بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالكراوان.

پێوه‌ست بەو گۆڕانكاریانەی ئەنجام دارون، فەھیم عەبدوڵڵَا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "فەرمانی ئەو پێنج بەڕێوەبەرە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەستبەكار دەبن، چونكە ئەوانە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە پەسەند كراون و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كران بۆ ئەوەی فەرمانی دەستبەكاربوونیان دەربچێت، ئێستایش فەرمانەكە دەرچووە و رەوانەی پارێزگای دھۆك كراوە".

لەبارەی ئەوەی ئەمە كۆتا گۆڕانكارییە لە پۆستە ئیدارییەكاندا یاخود گۆڕانكاریی دیكەش ماون، عەبدوڵڵا گوتی، پێنج بەڕێوەبەری دیكەی گشتییش ماون، كە ئەوانیش بە وەكالەت بەڕێوە دەبردرێن و بڕیارە ئەوانیش دیاری بكرێن و ئەگەر كات لە بەردەست بمێنێت ئەوانیش پەسەند دەكرێن، دوو لەوانەش بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و ئەوقافن".

ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرانەی كە پەسەند كراون و ئەوانەی ماویشن، پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

بەشێك لەو بەڕێوەبەرایەتیانەی گۆڕانكارییان تێدا كراوە، بەڕێوەبەرەكانیان ماوەی چوار ساڵ زیاترە لەو پۆستانەدان و بەشێكیشیان بە وەكالەت بەڕێوە دەبردران.

 

بڵند ئیبراھیم