Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: پڕۆژەی ڕێگای ھەولێر کۆیە تەواو دەکرێت

 

   کۆیە-KDP.info-  بڕیارە بە چوار قۆناغ ڕێگای سەرەکیی ھەولێر کۆیە تەواو بکرێت و بەرپرسێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشەجێکردنیش دەڵێ، قۆناغی یەکەمی ڕێگاکە دەستی پێ کردووە و تا کۆیە تەواو دەکرێت.

 

ڕێگای سەرەکیی ھەولێر کۆیە بەر لە ڕاپەڕین دروست کراوە و بە ھۆی کۆنیی ڕێگاکە و ھاتوچۆیەکی زۆر لەسەری، پێویستی بە نوێکردنەوە و بەجووتسایدکردنی ھەیە. عەقید زاھیر محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی قەزای کۆیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕێگای قەزای کۆیە، ڕێگایەکی زۆر کۆنە و بۆ سەردەمی خۆی دروست کراوە، بەڵام ئێستا کۆیە پێویستی بە ڕێگایەکی ھاوچەرخ ھەیە، بەتایبەتی ڕێگای نێوان کۆیە و ھەولێری پایتەختە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل ھاتوچۆی لەسەر دەکەن."

 

بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کۆیە دەڵێت: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گرتنی ڕێگای کەرکووک بارگرانییەکی زۆر کەوتووەتە سەر ڕێگای کۆیە و لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا ١٧٠ ڕووداوی ھاتوچۆ لەو ڕێگایە تۆمار کراون، پێویستە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی ڕێگای کۆیە ھەولێر."

 

ئەندازیار سامی قادر، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەت لەھەوڵدایە بۆ تەواوکردنی ڕێگای ھەولێر کۆیە، چونکە پێویستییەکی زەروورە بۆ ئێستا و قەڵەباڵغیی لەسەرە، بەڵام قەیرانی دارایی وای کرد پڕۆژەی ڕێگای ھەولێر کۆیە لە کاتی خۆیدا تەواو نەبێت، ئێستا دەستمان بە قۆناغی یەکەمی ڕێگاکە کردووە و کاری تێدا دەکرێت، بڕیاریشە بە چوار قۆناغ تا دەگاتە شارۆچکەی کۆیە تەواو بکرێت، ڕێگاکە بە شێوازێکی ئەندازەیی پێشکەوتوو بە شێوەی جووتساید جێبەجێ دەکرێت."

 

قائید میرۆ