هەولێر-KDP.info- لهوكاتهوهی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھۆشداریی دابوو و دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردبوون رێوشوێنی یاسایی دژی یاساشكێنان بگرنه بهر جا لە ھەر پلە و پایەیهکدا بن، وهك بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر دهڵێ، ھەولێر پاک کراوەتەوە لە ''عەسابە و گرووپی مافیا'' و تا ئێستا ١٥٠ تۆمەتباریان دهستگیر كردوون.
دكتۆر تاریق نووریی بهڕێوهبهری ئاسایشی ههولێر، لهبارهی ئهو ئهركهی پێیانسپێردراوه، وهڵامی جهند پرسیارێكی ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دهداتهوه.
- جیا لە ئەرکی سەرەکیی ئاسایش، نەھێشتنی دیاردەی ھەڵکۆتانە سەر خەڵک و ھەڵگرتنی چەکیش بە ئێوە سپێردراوە چیتان کردووە؟
دکتۆر تاریق نووری: ماوەکانی رابردوو دوای ئەوەی حاڵەتی کوشتن و ھەلگرتنی چەکی بێمۆڵەت زیادی کردبوو، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ژۆرێکی عەمەلیات دروست کراوە و ھێزەکانی ئاسایش ھاوکاریی ھێزە ناوخۆییەکانی دیکەی حکوومەت دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە ھەر بڵاوبوونەوەی ئهو دیاردەیە بگرن، لەو چوارچێوەیەدا ھێزەکانمان لە سنووری ھەولێر توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆری چەک و ئۆتۆمبێڵدا بگرن. لەو ماوەیهدا ١٥٠ کەسمان بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر كردوون، ھەروەھا ٢٠٠ ئۆتۆمبێڵی بێ تابلۆ و پارچە چەکدا دهستیان بهسهردا گیراوه.
- ئەوانەی دەستگیر کران رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و ڕێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دهگیرێته بهر؟
دکتۆر تاریق نووری: بەڵێ.. ھەموو ئەو کەسانەی بە تۆمەتی ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و تۆمەتی جیاواز دەستگیر کراون رادەستی دادگا کراون، ئێمە ئەوەشمان بە دادگا رایگەیاندووە كه نابێت ئەو تۆمەتبارانە لە کاتی ساغبوونەوەی تۆمەتەکانیان بە کەفالەت ئازاد بکرێن، چونکە زۆربەی دەستگیراوان پێشتر چهبداب جاری تر دەستگیر کراون، ههڵبهت پێشتر كه رادەستی پۆلیس کراون لە رێگەی دادگا و بە کەفالەت ئازاد کراون.
- بەڵام دەگوترێ لە ھەولێر گرووپی هاوشێوهی مافیا پەیدا بوونە و ھەڵدەکوتنە سەر خەڵک؟
دکتۆر تاریق نووری: نایشارینەوە كه پێشتر خەڵکێک ھەبوون وەک عەسابە باجیان لە خەڵک وەردەگرت، بە تایبەتی لە خاوەن کافتریاکان، کە زۆر جار داوای پارەیان لێ دەکردن و ئەگەر نەیاندابانێ کێشەیان دەنایەوە؛ ئەوانە چەند گرووپێک بوون و ھەموویشیان دەستگیر کراون و ئێستا لە زیندانن.
- خەڵک گلەیی ھەیە لەوەی تۆمەتبار ھەیە خەڵکی کوشتووە کەچی دەستگیر ناکرێت؟
دکتۆر تاریق نووری: راستە چەندین کەسی تۆمەتبار بە تاوانی کوشتن ھەبوون و پێشتر لە شەقامەکان دەسوڕاونهتهوه.. ئێمە لە درێژەی ھەڵمەتەکەماندا ھەموویانمان دەستگیر کردوون، واتە بە کورتییەکەی شەقاوە و عەسابە و قاتل و.. ھەموویان دەستگیر کراون. ئێستا به دوای ئهو كهسانهوهین کە تەقەیان کردووە، ھەرکەسێک رۆژێک لە رۆژان تەقەی کردبێت دەستگیری دەکەین و رێگەش بە ھیچ کەسێک نادەین یاسا پێشێل بکات. تهقهكهر مهبهستمان لهوانهیه كه له دوو مانگ لهمهوبهره ههرھاووڵاتییەک ھەر لە خۆیەوە بەبێ ھۆ تەقەی کردبێت، دەستگیری دەکەین.
- ئەرکی ئێوە وەک ئاسایش لە لێپرسینەوە لە تۆمەتباران بهردهوام دهبێ یان ئهوه زیاتر ئەرکی پۆلیسە؟
دکتۆر تاریق نووری: ئەرکی سەرەکیمان وەک ئاسایش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەو ھەڕەشانەن کە دەبنە ھۆی مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ماوەیەکە ھاوکاریی ھێزەکانی پۆلیس دەکەین، تا ئەو کاتەی پێویستیان بە ئێمە ھەبێت، بەردەوام دەبین و رێگەش نادەین ھیچ کەسێک ماف بە خۆی بدات لە سەرەوەی یاسا بێت و ھەست بکات کەس لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکات، بەڵێ ئەرکی ئێمە وەک جیھازی ئاسایش زۆر گرانترە لە ئەرکی برایانمان لە ھێزەکانی پۆلیس، بەڵام لەگەڵ ئەوانیش ھاوکار دەبین.
- ئەی بۆ قۆمارخانەکان چیتان کردووە؟
دکتۆر تاریق نووری: قۆمارخانە لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی پێ نادرێت بەھیچ شێوەیەک، بەڵام بە شێوەی لابەلا پێنج تا شەش قۆمارخانە ھەبوون، ئێمە دهستمان بهسهر قۆمارخانەکاندا گرتووە و کەلوپەلەکانیان لای ئاسایشە و خاوەنەکانیشیان دەستگیر کراون و خراونەتە زیندانەوە.
قائید میرۆ