دهۆک -KDP.info- جیگری سەرۆکی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو ڕایگەیاند، کۆنگرەی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەورووپا دەبەسترێت.
یورا نەبەیڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "بڕیارە لە ٢٥-٩-٢٠١٨دا کۆنگرەی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەورووپا لە وڵاتی بەلجیکا ببەسترێت و تەواوی کۆمەڵە کوردییەکان تێیدا پشکدار ببن."
یورا نەبەیڤ گوتی: "بەستنی کۆنگرە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیانە بۆ زیاتر خزمەتکردن بە گەلی کورد و پشتیوانیکردنی کوردەکانی دەرەوەی وڵات و کێشەکانی کورد."
نەبەیڤ دەشڵێت: "ئامانجامان دروستکردنی لۆبییەکی کوردستانییە دوور لە هەموو بیر و ڕا جیاوازەکان و ڕێکخستنی گەلی کورد لە تاراوگە و فێرکردنی زمانی کوردی بۆ کوردانی تاراوگە و زیاتر ڕێكخستنیان و ناساندنی کەلتووری کوردی هەم بە کوردەکان و هەم بە ئەورووپییەکانیش."
پێش چەند ڕۆژێک کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی جاران کۆنفراسی خۆیان بەست و سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەوان دیاری کرد و پەیامێکیشی ئاراستە کردن.
کـــاروان بــــاعەدری