Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی پیرۆزبایی لە یەکێتیی لاوان دەکات

هەولێر-KDP.info-  مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی هەشتەمین كۆنگرەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پەیامیکی پیرۆزبایی ئاراستەکردن کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی بەستن و بەسەركەوتوویی کۆتاییهاتنی هەشتەمین كۆنگرەی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامانی كۆنگرە دەكەین، پیرۆزبایی لە سەرجەم لاوانی کوردستان و ئەندامان و كادیرانی یەكێتیەتان و لەو بەڕێزانەش دەكەین کە متمانەی کۆنگرەیان پێبەخشرا و وەکو ستافی مەکتەبی سکرتاریەت هەڵبژێردران، ئاواتەخوازین وەك هەمیشە بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسانە  كاروبار و چالاكییەكانی داهاتووی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان رابپەڕێنن و رۆڵی بەرچاووكاریگەری خۆتان ببینن، لە هەوڵ و كۆششەكانتان سەركەوتوو بن و دەسكەوتی زیاتر بۆ توێژی لاوان و كۆمەڵگەكەمان بەدەست بێنن. 

بارزانی نەمر فەرموویەتی: لاوان شوورەی پۆڵایینن، هەر بۆیەش ئێوە مایەی ئومێد و هیوای گەلەكەمان بوون و پێویستە بۆ لەمەودواش بەپێی هەلومەرجی ئەمڕۆ و داهاتوو رۆڵی گرنگ و بایەخداری خۆتان ببیینن و خزمەتی زیاتری ئەو ئەزموونە بكەن و پارێزگاریش لەو دەسكەوتانەی  هاتوونەتە دی بكەن.

مایەی شانازییە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بەدرێژایی زیاتر لە (65)ساڵی خەباتی بەردەوام و مێژوویی توانیویەتی وەك رێكخراوێكی ئەكتیڤ و گرنگ ئەركی خۆی بەجێ بێنێ و رۆژ بە رۆژیش بەردەوام و بەرفراوانتر و زیاتر مكوڕ بێت لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەو پرۆگرامەكانی و لەسەر ئاستی ناخۆ و جیهانیش رۆڵی شیاوی خۆی ببینێ بۆ بەدیهێنانی خواست و ویست و ئامانجە رەواكانی لاوان.

رۆڵی كاریگەری توێژی لاوان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا هەمیشە بەرچاو و بەرهەمدار بووە  لەپێناو پەرەپێدانی بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵگەو بەرەوپێشبردنیان و لەرووی هۆشیاركردنەوەی تاكەكان و دەوڵەمەندكردنی بواری رۆشنبیریی و كولتوورییدا، بۆیە توێژی لاوان شانبەشانی چین وتوێژەكانی دیكە كۆمەڵگە لەو كاروانە پڕ بەخششەدا هەم سەركردەی لێهاتوویان بەو گەلە بەخشیوەو هەمیش قوربانی زۆریان لەپێناوی داوە، بۆیە جێدەستی یەكێتیەكەتان روون و دیارەو مایەی رێزوستایشە.

جارێكی دیكە وێرای پیرۆزباییمان، بەم بۆنەیەوە سوپاس و پێزانیمان بۆ خەبات و ماندوبوونی سکرتێر و ستافی پێشووی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرکردایەتی یەکێتیەکەتان و، پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین هەردەم پێشەنگ و لە بەرەوپێشچوون دابن بۆ بەدیهێنانی گشت ئامانجەكانتان.


مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
9/8/2018