Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێداگریی پارتی و ترسی ڕكابەرەكانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

محەممەد عەلی

هەڵبژاردن، ئەو پرۆسە نیشتیمانییەیە كە ڕادەی دیموكراسی لە هەر وڵاتێكدا پیشان دەدات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ڕوونە، بە پێداگریی پارتی، هەڵبژاردن لە ۹/۳٠ ئەنجام دەدرێت، وەلێ پێشكەشنەكردنی لیستی كاندیدانی لایەكانی تر كە بەم شێوەیە و بە مەبەست دوادەخرێت، ئەم راستییە زیاتر ڕوون دەكاتەوە، كە تاكو دواساتەكان لایەنەكانی بەرامبەر ویستوویانە هەڵبژاردن دوا بخرێت.

هۆكارگەلێكی زۆر هەن كە پارتی لە حیزبەكانی تری كوردستان جیا دەكاتەوە، ئەمانیش بوونی قاعیدەیەكی جەماوەریی نەگۆڕ و سەركردایەتییەكی تۆكمە و یەكگرتووە، ئەمە لە كاتێكدایە بەشێک لە حیزبەكانی تر بە دەست پەتای باڵبالێن و لێشاوی جیابوونەوەی كادیرە قیادییەكانیانەوە دەناڵێنن.

لەلایەكی ترەوە، پێداگریی پارتی لەسەر ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە لە كاتی دیاركراوی خۆیدا، پێمان دەلێت تاكە حیزب كە ئارەزوو ناكات كوردستان بكەوێتە بۆشایی یاسایی و وڵاتیش لە رێگەی حكوومەتی كاربەڕێكەرەوە بەڕێوە بچێت، پارتییە. بە واتایەی تر، جارێكی دیكە ئەو حزبە سەلماندی كە دەیەوێت بە شێوەیەكی یاسایی و پاڵپشت بە دەنگی جەماوەر، لە دەسەڵات بەردەوام بێت.

لە كاتێكدا حیزبە ڕكابەرەكانی پارتی، بنەمای زیادكردنی دەنگەكانیان لەسەر دژایەتیكردنی پارتی و دەستكەوتەكانی حكوومەتی هەرێم بینا دەكەن، پێچەوانەی هەمووان پارتی هەموو هەوڵێك بۆ یەكڕیزی و دژایەتیكردنی فەرهەنگی یەكترشكاندن دەكات، كەمپینەكانی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، ئەم راستییە پشتڕاست دەكاتەوە.

كۆتا هەڵبژاردنی عێراق لە ٥/۱۲، هێز و پێگە و پێشەنگایەتیی پارتی وەك حیزب لەسەر ئاستی عێراقدا دووپات كردەوە، لەلایەكی ترەوە دووبارە هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی كوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی، ئەو گومان و دەنگۆیانەی بەدرۆ خستەوە كە حیزبە ڕكابەرەكانی پارتی لە ڕابردوودا دەیانكرد كە گوایە پارتی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكات.

با سەرنج بۆ ئەوەش ڕابكێشن، ئەو نهێنییەی وا لە دەنگدەری كورد دەكات كە چەندان جار دەنگ بداتەوە بە پارتی، بوونی سەرۆكێكە قەڵغانی پاراستنی هەرێمە و حیزبێكە ئامادەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لە هەموو بارودۆخێكدا، هاوكات خاوەنی سەركردایەتییەكە كە سەركەوتوو بووە لە رزگاركردنی كوردستان لە گشت ئەو كۆسپ و تەگەرانەی رووبەڕووی بوونەوە و دەبنەوە.

پێشدەچێت ترسی ڕكابەرەكانی پارتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بە گوشاری لایەنی دەرەكی بێت، بە تایبەت وڵاتانی ئیقلیمی، بەڵام دواجار پارتی هەر لەسەر ئەو پرسە پێداگرە و زۆریش ڕوونە كە دواخستنی هەڵبژاردن، زیان لە پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا دەدات.