Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كشتوكاڵی كەركووك: پڕۆسەی عەرەباندن بە شێوەیەكی فراوان بەردەوامە

 

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك ڕایگەیاند، پڕۆسەی عەرەباندن لە سنووری كەركووك بە دوو شێوە بەردەوامە، یەكێك لە رێگەی وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەوەی دیكەیش لە رێگەی دادگاكانی كەركووكە، كە دەیانەوێت زیاتر لە ٥ھەزار گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ عەرەبەكان بگەڕێننەوە، لە كاتێكدا كوردەكان خاوەنی ئەو زەویانەن و بەپێی ماددەی ١٤٠ بۆیان گەڕێندراونەتەوە.

لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق بە ھەموو شێوەیەك دژایەتیی كورد دەكات و ھەوڵ دەدات بۆ ئەوەی نفووزی كورد لە كەركووك كەم ببێتەوە و نفووزی عەرەب زیاد ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆسەیەكی عەرەباندنی دەست پێكردووە.

مەھدی موبارەك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، دیسان حكوومەتی عێراق دەستی كردووە بە گۆڕینی دیمۆگرافی لە سنووری كەركووك لە زۆر بواردا، لەوانە زەوییە كشتوكاڵییەكان كە پێشتر لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو كە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆنم دەبوو و، دوای پڕۆسەكە ھەوڵی چارەكردنی كێشەكان درا لە رێگەی دوو بڕیارەوە، ئەویش بڕیاری ژمارە چوار بەپێی ماددەی ١٤٠كە پێویستە سەرجەم گرێبەستە كشتوكاڵییەكان ھەڵوەشێندرێنەوە و بدرێنەوە كورد، بۆیە ٥ ھەزار و ٣٢٦ گرێبەست ھەڵوەشانەوە و دواتر بڕیاری ژمارەی ٢٩ لە ساڵی ٢٠١٢دەرچوو، كە ھەموو بڕیارەكانی لیژنەی كاروباری باشوور ھەڵوەشێنەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق ئەم كارەی نەكردووە تا ئێستا".

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك، گوتیشی: "دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق لە رێگەی پارێزگار و وەزارەتی كشتوكاڵەوە بڕیاری داوە دووبارە عەرەبەكان بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوییەكان و گرێبەستەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و نووسراوێكی حەوت خاڵییشیان كردووە، كە سەرجەم خاڵەكان خۆیان ئامادەیان كردووە و ھەموویان دژی ماددەی ١٤٠ـن و خزمەت بە كەركووك ناكەن و دەبنە ھۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی كێشەكان".

موبارەك باسی لەوەش كرد، جگە لەوەی دادگاكانی كەركووك بڕیار دەدەن گرێبەستەكان بۆ عەرەبەكان بگەڕێندرێنەوە، دادوەرەكانیش ھەموویان عەرەبی شۆڤێنین، ئەمەیش وای كردووە پڕۆسەی عەرەباندن بە شێوەیەكی فراوان دەست پێبكات و دەیانەوێت ھەموو ئەو زەویانەی دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق درابوونەوە كورد، جارێكی دیكە بە مەبەستی عەرەباندن، بۆ عەرەبەكان بگەڕێننەوە.

بڵند ئیبراھیم