Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رەزامەندی دراوە مووچەی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر بەغدا

 
هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان گوتی، حكوومەتی عێراق رەزامەندیی داوە بۆ ئەوەی مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر حكوومەتی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەیش شاندێك پێك ھاتووە و بڕیارە سەردانی بەغدا بكات.
 
لە ماوەی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەكی پەسەند كرد، كە بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە، حكوومەتی عێراق ناچار دەبێت مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی ھەرێمی كوردستان دابین بكات.
 
فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە كە مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر بەغدا، حكوومەتی ھەرێمیش لیژنەیەكی دروست كرد و چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە و لە دواكۆبوونەوەیشدا نامەیەكیان بۆ سەرۆكوەزیران ناردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵی دانیشن بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكان، سەرۆكوەزیرانیش رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی مووچەكەیان داوە، بۆیە ئومێد دەكەین ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیان سیاسی بكەین".
 
عوسمان گوتیشی: "ژمارەی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس دەبێت و تەنیا مووچەش نییە و ئیمتیازاتی دیكەیشیان ھەیە، وەك كورسیی خوێندن و تەندروستی، بۆیە پەرلەمان حكوومەت پابەند دەكات ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات".
 
دەشڵێ، ھەر كاتێك شاندەكە سەردانی بەغدای كرد و رێكارەكان جێبەجێ كران، ئەوكات مووچەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەر بەغدا.
 
بڵند ئیبراھیم