Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەڵمانیا لە مەشق و ڕاهێنان و هاوکاریی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێ"

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد و لە دیدارەکەدا کونسووڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنان و هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەموو توانایەکیشیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێووان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دەخەنەگەڕ.

ڕۆژی چوارشەممە ٨ـی٨ـی٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە خاتوو باربارا وۆڵف کونسووڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا خرایە بەرباس و کونسووڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنان و هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەموو توانایەکیشیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێووان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دەخەنەگەڕ.
هەر لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت خرایە بەرباس. هەر لە دیدارەکدا کونسووڵی گشتیی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتیوانیی لە پڕۆسەی دیموکراسیی لە هەرێم و سەروەری یاسا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکات.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کونسووڵی نوێی ئەڵمانیا، پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەو ئەرکە نوێیەی لە بەڕێز خاتوو باربارا وۆڵف کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
سەرۆک بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیای بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەڵمانیا خستەڕوو. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە. داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و دەستخۆشیی لەو هەوڵانە کرد کە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئابووریی خستوویانەتە بەرنامەی کاری خۆیان.

هەریەک لە  دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و دڵشاد بارزانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا، ئامادەی ئەو دیدارە بوون.