Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"گوتارەکەی سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە گەلی کورد درێژەپێدەری سەربەخۆییە"

 

دهۆک -KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، گۆتارەکەی سەرۆک بارزانی زۆر مانا لەخۆی دەگرێت، پەیامیکیش بوو کە گەلی کورد بە هیچ شێوەیەک پاشکۆیەتیی قبووڵ نەکردووە و پاشگەزیش نەبووەتەوە لە سەربەخۆیی.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، (٧-٨-٢٠١٨) لە شاری هەولێر لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، هەشتەمین کونگرەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ناوی "کۆنگرەی پێشمەرگە" دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. لە کۆنگرەکەشدا سەرۆک بارزانی پەیامێکی پێشکێش کرد و ڕایگەیاند: "ئێستاش ئەگەر کەسێک، یان لایەنێک وا بیر بکەنەوە کە ئێمە ئەو مافەمان نییە، بەڕاستی هەڵەن. ئەگەر تەسەور بکەن ئێمە پەشیمان دەبینەوە و پاشەکەشە دەکەین، ئەوە خەیاڵە".

 

لەو بارەیەشەوە، د. هەوار نێروەیی، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەرگیز کورد خۆی بۆ دوژمن نەچەماندووە و سەرۆک بارزانیش ئەوەی قبووڵ نییە یەکێک بریار لەسەر چارەنووسی کورد بدات و گوتارەکەی سەرۆک بارزانی زۆر مانای هەبوو، کە کورد جگە لە مافی خۆی داوای هیچ شتێکی نەکردووە، جگە لە هەمووی ئەمانەش، کورد داوای سەربەخۆیی دەکات، ئەمەش مافێکی ڕەوای گەلی کوردە."

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی گوتی: "هیچ گرفتێكمان له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیكه‌ نییه‌ و ته‌نیا كێشه‌مان له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌واكان هه‌بووه‌، كه‌ ده‌ڵێین با شه‌ریك بین قبووڵیان نییه‌، كه‌ ده‌شڵێین با دراوسێ بێن، ئه‌ویشیان قبووڵ نییه‌، ئێمه‌ش پاشكۆیه‌تیمان قبووڵ نییه‌".

 

نێروەیی ئەوەیش بیر دەهێنێتەوە، کە لە گۆتارەکەی سەرۆک بارزانیدا ئاشکرا بوو، هەندێک لایەن پێیان وابوو کوردستان بێهێزە، بەڵام دەرکەوت ئەوان بێهێز بوون و کورد لە هەموو ڕوویەكەوە، لە ڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و لە ڕووی هەرێمایەتیشەوە بەهێز بووە.

 

کــاروان بـــاعەدری