Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت.. بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش خۆشحاڵی کردین

 

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خۆشحاڵی خۆی لەهەمبەر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربڕی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانی دژ بە ئێزدییەکان، ئەوەشی گوت وەکو پارتی جەخت لەوە دەکەنەوە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

سەرۆکوەزیرانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کەیسی بە جینۆساید ناساندنی ئێزدییەکان بەرەو پێشچووە و خۆشحاڵین بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی تاوانی دژ بە ئێزدییەکان بکرێت، دەبێت قەرەبووی ئێزدییەکانیش لە بەرامبەر ئەو کارەساتەی بەسەریاندا هات، بکرێنەوە".

هەر لە میانەی پرێسکۆنفرانسەکەشدا سەرۆکوەزیرانی كوردستان، پێوه‌ست بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، "ئەوان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا بکرێت جەختیشیان لەسەر ئەوە کردوەتەوە، هاوكات رەتیشی کردەوە برێت مەکگۆرک داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەمجارەی لە حکوومەتی هەرێم کردبێت، گوتیشی: "بەهیچ شێوەیەک مەکگۆرک باسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی نەکردووە، هیچ لایەنێکی سیاسی ناوخۆ بە فەرمیی داوایان لە حکوومەت نەکردووە، کە هەڵبژاردن دوا بخەین. وەکو پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێداگرین لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت".

ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە زەوی بۆ کەسوکاری شەهیدانی دژ بە تیرۆریستانی داعش دابین دەکرێت و جێبەجێشی دەکەن، هاوکات ئەوەشی خستە روو، کە بە هۆی شەڕی دژ بە داعش و قەیرانی دارایی زۆربەی پڕۆژەکان وەستێندرابوون، بەڵام لەمەودوا دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکان دەکرێنەوە.

 

خێڵان بەختیار