Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی لاواندا: لەگەڵ توندوتیژی نین، بەڵام پاشکۆیییش قەبووڵ ناکەین


هه‌ولێر-KDP.info-   یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی خۆی بەست و سەرۆک بارزانی وتارێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد و رایگەیاند، داهاتووی کوردستان لە ئەستۆی لاواندایە. هاوکات ئەو دەنگۆیانەی رەت کردنەوە کە گوایە داوای لێ کرابێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کوردستان دوا بخرێ و لەو بارەوە جەختی کردەوە، "لە کەسی قەبووڵ ناکەین ڕێمان بۆ دابنێ چیی بکەین و چیی نەکەین."


سەرۆک مەسعوود بارزانی لە بارەی رۆڵی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە، گوتی: "لاوان قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی لاوان لە قۆناغی شۆڕشدا و ئێستایش زۆربەی سەرکردەکانی کوردستان لەو قوتابخانەوە پێگەیشتوون".

سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر خەبات و شۆڕشی گەلی کوردستان، بە درێژاییی مێژوو و شۆڕش لە دوای شۆڕش و راپەڕین لە دوای راپەڕین بەردوام بووە، ئەوەشی جێی شانازیمانە، ئەوەیە کە هەمێشە ئێمە وەکو گەلی کورد بەرگریمان کردووە، نەک هێرشمان کردبێتە سەر هیچ کەس و لایەنێک، بەڵکو مەردانە لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان شۆڕشێکی مەردانەمان کردووە، بۆیە سەبەرزین لە سەر خەباتی خۆمان و دەشبێت، لەسەر هەمان نەهج بەردەوام بین.

گوتیشی:  "ئێمە گرفتمان لەگەڵ  هیچ نەتەوەیەک نەبووە و خاکی هیچ گەلێکی دیکەمان داگیر نەکردووە، بەڵکو گرفتمان لەگەڵ حاکم و حکومڕانەکان بووە، زۆرجاریش لە پێناو پێکەوە ژیان، برابچووکییشمان قبووڵ کردووە، بەڵام ئەوان ئەوەشیان قبووڵ نەکردووە، بۆیە ئێمەش لە پێناو مافەکانی خۆمان پێداگرین و هەر شتێکیش دەبێت با ببێت".

بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا باسی لەوەش کرد بە خۆشی و ئاشتی بگەینە چارەکردنی کێشەکان، گەرنا نە ئێمە و نە ئەوانیش ئیسراحەت نابن، مێژووی توندوتیژیشیان نیشاندەرە، کە بە تانک و تۆپیش نەیانتوانی چۆک بە کورد دابدەن

لەبارەی ریفرەندۆمیشدا سەرۆک بارزانی گوتی: "بە داخەوە رۆژ بە رۆژ نەک شەراکەت، بەڵام هاووڵاتی بوونی ئێمەشیان قبووڵ نەبوو، ئێمە ویستمان بە ئاشتی و لێکتێگەیشتن چارەی گرفتەکان بکەین، لە ساڵی ٢٠١٦ سەردانی بەغدامان کرد و پێمان گوتن دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر شەراکەتی راستەقینە و دەستوورێکمان هەیە و هەمووان تێیدا ماندوو بووین، ئەرک و مافی هەمووانی دیاری کردووە، گەر ئەوەشتان پێ قبووڵ نییە، فەرموو باببینە دراوسێی یەکتر".

ئێستایش کە کەسێک و لایەنێک پێی وابوو ئێمە مافی بیاردان لە چارەنوسی گەلەکەمان نییە، هەڵە دەکەن و خەیاڵ دەکەن و ئێمە هەرگیز لێێ پەشیمان نابینەوە، بەڵام نەشمانگوتووە کە ئەم مافە بە شەڕ و توندوتیژی بە دەست بێنین.

گوتیشی: "بە داخەوە گەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەبوایە بارودۆخەکە بەو شێوە نەدەبوو، ئێستایش زۆر لایەن پەشیمانن، لە نووسینەوەی دەستووریشدا ڕەحمەتی نەوشیروان مستەفا و رۆژ نووری نوێنەری ئێمە بوون، لە دیباجەی دەستووریشدا دەڵێ، ئارەزومەندانەیە لەگەڵ عێراقێکی فیدراڵ دەبین، نەک ناچاری، هەر لایەنێکیش پێی وابێ پاشەکشە لە مافی سەربەخۆییمان دەکەین، ئەوە هەڵەیە، چونکە پاشکۆییمان قبووڵ نییە و مافێکی رەوای گەلی کوردستانە، بەڵام ئەوان لە دوای ریفرەندۆم رق و کینەی چەندین ساڵەیان رژاند بەسەرماندا و هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگەش وەڵامیان دانەوە، کە هێز نییە بتوانێت ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنێت، ئەم ئامانجەش هەر دێتە دی".

ڕاشیگەیاند، پیوەدنییەکانمان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بووەتەوە و تا بۆمان بکرێ باشتریشی دەکەین، لەگەڵ دراوسێێ و کۆمەڵگای نێودەوڵتییش هەروا. لەسەر ئاستی نێوخۆیش ویستی ئێمە یەکگرتووییی و یەکهەڵوێستییە، ئیجا ئەوانەی لێک نزیکترن دەکرێ بەرنامەی هاوبەشیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبێ.

لە هەڵبژاردنی عێڕاقدا، هەبوون پێیان وابوو پارتی دووچاری شکست دەبێتەوە، بەڵام دەرکەوت کە پارتی حزبی یەکەمە، ئەمە سەرباری ئەوەی زۆر غەدر لە پارتی کرا لەو هەڵبژاردنەدا.
گرینگ بوو بۆ هەمووان و بە تایبەت بۆ پارتییەکان کە ئەمەیە سەنگی پارتی.
بۆ ئەم هاوپەیمانەتییەکەی کە پێویستە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق پێک بێ، سێ مەرجی سەرەکیمان هەنە، ئەوانیش، شەراکەتی ڕاستەقینە و تەوافوق و تەوازوون.
لەگەڵ لایەنەکان لەسەر ئەم پرسە لە گفتوگۆداین، ئەو لایەنانەشی کە لەیەکدی نزیکن بە هێزەوە بچەنەوە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی ئەم سێ مەبدەئە، چونکە بێ جێبەچێکردنیان ئێمە پاشکۆییمان قەبووڵ نییە.

سەرۆک بارزانی دەربارەی پڕۆپاگندەی ئەوەی خاوەنی ٤٨ملیار دۆلار بێ، رایگەیاند، "کە خاوەنی ئەو سەرمایە بوام، ئەوا زۆر شت دەگۆڕا."


خێڵان بەختیار