Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بە سەدان كەیسی گەورەی گەندەڵی لە عێراق ھەیە"

 

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی خۆپێشاندەرانی عێراق سووربوونی خۆیان لەسەر بەردەوامیدان بە خۆپێشاندانەكان ڕاگەیاند، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ھۆشداریی دایە ئەو بەرپرسانەی لە گەندەڵییەوە گلاون و ڕایگەیاند، كەیسەكانیان دراوەتە دەستەی نەزاھە و ناوەكانیان ئاشكرا دەكرێت.

د. تاریق گەردی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق و سەرۆكوەزیرانەكەی چارەسەریان بۆ كێشەكانی ئێستای عێراق پێ نییە، تەنانەت ئەوان لەسەر كاردانەوە كار دەكەن، چونكە ھەر لە سەرەتای خۆپێشاندانەكانی باشووری عێراقەوە بینیمان تا ڕادەیەك بێدەنگی بە ھەڵوێستی حكوومەتەوە دیار بوو، بەڵام كاتێك مەرجەعییەت ھەڵوێستی خۆی ئاشكرا كرد كە لەگەڵ داوای خۆپێشاندانی ئاشتیانەدان، یەكسەر حكوومەتی عێراقیش ھەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و ئامادەییی خۆی نیشان دا بۆ جێبەجێكردنی ھەندێك لە داواكاریی خۆپێشاندەرانی پارێزگاكانی باشووری عێراق".

 

یەكێك لە داواكاریی خۆپێشاندەرانی باشووری عێراق، لێپرسینەوەیە لە حكوومەت و ئەو كەسانەی سامانی عێراقیان بە گەندەڵی بردووە و خەڵكی بەبێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە، گەردی ئەوەشی ڕوون كردەوە: "لە حەفتەی ڕابردوودا عەلی سیستانی لە ڕێگەی نوێنەرەكەیەوە باسی لە ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕینی حكوومەتی ئێستای عێراق كرد، بە شێوەیەك تەنانەت ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە عەبادی بگۆڕدرێت لە پۆستی سەرۆكوەزیران، ھەر دوای ئەوە حەیدەر عەبادی ھات و باسی ئاشكراكردنی بەرپرسە گەندەڵەكانی عێراقی كرد و ھەڕەشەی لێپرسینەوەی لە گەندەڵكاران كرد".

 

لەبارەی دەستبردن بۆ پرسی گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵكاران، دكتۆر تاریق گەردی دەڵێت: "لە عێراق بە سەدان كەیسی گەورەی گەندەڵی و سەدان كەیسی بچووك و مامناوەند ھەن، كاتێك ئێمە لە پەرلەمان بووین، چەندین كەیسی گەندەڵی گەییشتبوونە لیژنەی نەزاھە، بەڵام بابەتی دەستبردن بۆ چاكسازی و نەھێشتنی گەندەڵی، ھەندێك قورسە بۆ عەبادی، لەبەر ئەوەی ڕاماڵینی گەندەڵكاران و بنەبڕكردنی گەندەڵی بە ھەندێ كەس ناكرێت کە ڕاڕا بن، بەڵكو بە كەسانێكی بەھێز دەكرێت، بۆیە پێم وایە حكوومەتی ئێستای عێراق ناتوانێت گەندەڵكاران سزا بدات".

 

قائید میرۆ