Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عارف ڕوشدی: لەم هەڵبژاردنەدا كورسی و ڕێژەی دەنگەكانی پارتی زیاتر دەبن

 

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، چەندی پارتی بەهێزتر بێت و خاوەنی كورسیی زیاتر بێت، زیاتر كاروانی كوردایەتی بەرەو پێشەوە دەچێت. دەشڵێ، سیاسەتی پارتی و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی، شایەتی ئەوەن كە خەڵك زیاتر ڕێز لە پارتی دەگرێت و پشتگیریی دەكات، بەوەش كورسی و ڕێژەی دەنگەكانی پارتی زیاتر دەبن.

 

عارف ڕوشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی ماوەیەكی زۆرە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە، لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی، لق و دامودەزگاكانی دیكەی حزبی، جووڵانەوەیەكی باش هەیە، پلان دادەنرێت تاكو بتوانین لە ماوەی دیاریكراودا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستبەكار بین، خەمی ئێمەیش ئەوەیە كە بتوانین ژمارەی كورسی و ڕێژەی دەنگەكانی پارتی زیاد بكەین، چونكە ئێمە لەو بڕوایەداین چەندی پارتی بەهێز بێت و چەند زیاتر خاوەنی كورسی بێت، زیاتر كاروانی كوردایەتی بەرەو پێشەوە دەچێت".

 

ڕوشدی گوتیشی: "دەبێ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، ئەگەر ئەوە بكرێت سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لەو ڕەوشەی كە ناوچەكە پێدا تێپەڕ دەبێت، كە ئێمە بتوانین هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو و پاك و بێگەرد ئەنجام بدەین، جێگەی ڕەخنە نەبێت و ئەنجامەكان بە ئیجابی وەربگرین، بۆ ئەوەی پەرلەمانێكی نوێ دەستبەكار بێت و ئەو پەرلەمانە بە هزرێكی باشتر و كوردانە كار بكات و حكوومەتی نوێ دابمەزرێت، بۆ ئەوەی كومەڵگەی كورد بەرەو گەشانەوەی زیاتر هەنگاو بنێت".

 

ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەیشی دا: "سیاسەتی پارتی و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ئەو حزبە، شایەتیی ئەوە دەدەن كە خەڵك زیاتر ڕێز لە پارتی دەگرێت و پشتگیریی دەكات، بەوەش كورسی و ڕێژەی دەنگەكانی پارتی زیاتر دەبن".

 

ڕابین شێروانی