Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆنفڕانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو

 
هەولێر-KDP.info- له‌ په‌یامێكدا بۆ كۆنفڕانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو، سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "دەستخۆشی لە بەستنی كۆنفڕانسی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەكەم و پێزانینم هەیە بۆ هەوڵی یەكە بە یەكەی ئێوەی ئازیز بۆ ڕێكخستن و یەكخستنی كاروبار و چالاكییەكانی كۆمەڵە كوردییەكان لەو وڵاتانە و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم".
 
ده‌قی په‌یامی سه‌رۆك بارزانی.. 
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی كۆنفڕانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو
 
میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز
 
ئەم كاتەتان باش..
 
دەستخۆشی لە بەستنی كۆنفڕانسی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەكەم و پێزانینم هەیە بۆ هەوڵی یەكە بە یەكەی ئێوەی ئازیز بۆ ڕێكخستن و یەكخستنی كاروبار و چالاكییەكانی كۆمەڵە كوردییەكان لەو وڵاتانە و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
 
بە داخێكی زۆرەوە گەلی كورد بە زۆر و بە بێ ئیرادەی خۆی دابەش كراوە و ئەو دابەشبوونە وای كردووە گەلی كورد تووشی كارەسات و زوڵمی گەورە بێت و كورد بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی  بەرخودانی كردووە و شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كورد بەڵگەی ئەو ڕاستییەن. جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران و ئاوارەكردن، پەلاماری تیرۆریستان و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانمان هات و دەیان كارەساتی تر و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەر هەمووی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كورد بووە. بەڵام پشت بە خودای گەورە و خۆڕاگریی گەلەكەمان و قارەمانێتیی پێشمەرگە گەلی كورد زیندووە و ئیرادەی تێكنەشكاوە و لە خەباتی خۆی بەردەوامە.
 
گەلی كورد هەمیشە ئاشتی و پێكەوەژیانی ویستووە و هەرگیز نەیویستووە ستەم لە گەلانی تر بكات و دەیەوێت بە ئاشتی و سەربەرزی بژیێت. ئەركی هەموو لایەكمانە بە باشترین شێوە پەیامی ئاشتی بگەیێنین و جیهانیان لە دۆزە ڕەواكەی گەلی كوردستان تێبگەیێنین. لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵی ئەوە بدەین پەیوەندیی كولتووری و سیاسی و دۆستایەتی بە باشترین شێوە لەگەڵ گەلانی جیهان دروست بكەین.
 
زۆر خۆشحاڵم كە ئێوەی بەڕێز لە هەوڵی ئەوە دان لە ڕێگەی یەكگرتن و خۆ ڕێكخستن لەسەر شێوازی سەردەمیانە ببن بە پردێكی پتەو بۆ پەپوەندیی كورد و ئەو وڵاتانەی كە لەنێو جیۆگرافیای سۆڤییەتی پێشوودان.
 
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم كە جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا و وڵاتانی تری سۆڤییەتی پێشوو بكەومەوە كە ئەو مێژووە لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر بناخەی بۆ دانرا و گەییشتە لووتكە. هەروەها پێزانینیشم هەیە بۆ سیاسەتی حكوومەتی ڕووسیا و وڵاتانی تری ئەو ناوچەیە لەبەرانبەر دۆزی كورد و ڕێگەپێدانیان بۆ چالاكی سیاسی و كولتووری و ئەو سیاسەتە بەرز دەنرخێنم.
 
بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست بكەم بۆ هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەریتان و دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ هەوڵەكانتان بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و زمان و كولتووری كورد لەنێو خۆتان. هەروەها هەڵوێستی ئێوەی خۆشەویست بۆ پاڵپشتیتان لە خوشك و براكانتان لە هەرێمی كوردستان لە كاتی ڕیفراندۆم لە یاد ناكەین و جێگەی شانازی و خۆشحاڵیمانە. ڕیفراندۆم دەربڕینی ڕای ڕەوای گەلێكی مەزلووم بوو بە ئاشتیانەترین شێواز، ڕاستە ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و ناپاكیی هەندێ كەس زیانی گەورەی لە گەلی كوردستان دا بەڵام دڵنیاتان دەكەم ئێستا گەلی كوردستان بە ئیرادەیەكی بەرزتر و بە هۆشیارییەكی زیاتر ماوەتەوە و ڕووی لە داهاتوویەكی گەش و پێشكەوتنە.
 
لە كۆتاییدا ئەوە دووپات دەكەمەوە كە ئێوە خوشك و برا و ئازیز و جێگەی ئومێدی ئێمەن، و پشتیوانی لە كار و چالاكییە فەرهەنگی و سیاسییەكانتان دەكەین و هیوادارم كۆنفرانسەكەتان بە بڕیار و ڕاسپاردەی باش كۆتایی بێت و دەروازەیەكیش بێت بۆ یەكخستنی وتاری ئێوە و كوردەكانی ئەوروپا و هەموو جالیەی كورد لە وڵاتانی جیهان.
 
بمێنن بە خێر و خۆشی
 
مسعود بارزانی