Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، ھەموو باڵاخانەكانی ھەولێر تەواو دەكرێن

 
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری وەبەرھێنان لە پارێزگای ھەولێر ئاشكرای كرد، بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، ھەموو باڵاخانەكانی سنووری ھەولێر تەواو دەكرێن و دەشڵێ، ژمارەیەك وەبەرھێنەری بیانی دەیانەوێ وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستاندا بكەن.
 
سامان عارەب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتى: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە، ئەو باڵاخانانەی بە ھەر ھۆكارێك كاركردن تێیاندا راگیراوە و بە نیوەچڵی ماونەتەوە، دەستبەكار ببن و دووبارە كاریان تێدا بكرێت تا تەواو دەكرێن، لەبەر ئەوەش بڕیارە ھەموو ئەو باڵاخانانەی بە نیوەچڵی بەجێ ماون، تەواو بكرێن، ھیچ باڵاخانەیەكیش بە شێوەی كەلاوە نامێنێتەوە".
 
بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی پارێزگای ھەولێر گوتیشى: "پڕۆژەكانی وەبەرھێنان لە بوارەكانی نیشتەجێبوون راگیران، تا ئەو كاتەی پێداچوونەوەیان بۆ دەكرێت، بەڵام لە كەرتەكانی گەشتیاری و پیشەسازی و چاندن بەردەوامییان ھەیە و ئەمساڵیش كەرتی وەبەرھێنان زۆر گەشەی كردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو".
 
عارەب، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ماوەكانی رابردوودا ژمارەیەك وەبەرھێنەری وڵاتی سعوودیا سەردانی ئێمەیان كردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان و، دوای ئەو ھەموو ساڵە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی ئابووری، خەریكە وەبەرھێنان دەبووژێتەوە و دەكەوێتەوە سەر سكەی خۆی".
 
قائید میرۆ