Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تاریق نووری: "بەڵگە هەیە مەلا سەلیم شوشکە داعشە و ڕای کردووە..تۆڕێکی تیرۆریستی لە هەولێر دەستگیر کراوە"

هەولێر-KDP.info- دکتۆر تاریق نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێر لە دیمانەیەکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ئاماژە بە دەستگیرکردنی تۆڕێکی تیرۆریستی لە شاری ھەولێر دەکات و دەشڵێ، مەلا ئیسماعیل سووسەیی سێ حەفتەیە دەستگیر کراوە و ددانی بەوەدا ناوە، لە ھەولێر خەریکی جێبەجێکردنی پیلانێکی تیرۆریستی بووە و چەندین چەکیش لە ماڵەکەیدا گیراوە، لەبارەی مەلا سەلیم شووشکەیی پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەلی ئیسلامیش دەڵێ، مەلا سەلیم خۆی لە سلێمانی حەشار داوە و بەڵگەیان لەسەری ھەیە، کە داعشە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: ساخ نەبووەتەوە کە ھێرشبەرانی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر سەر بە کێن؟

دکتۆر تاریق نووری: بەڵگەمان لەبەردەستە، ئەو کەسانەی دوێنێ لە نێو باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر خۆیان تەقاندەوە سەر بە داعش بوون، بەڵام ھاواڵەکانیان لە ژیاندا ماون و دەستگیر کراون، بەر لە سێ حەفتەش مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی مەلا ئیسماعیل سووسەیی لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرا، پێشتر ئیمام و خەتیب بوو لەسەر توندڕۆیی دوور خراوەتەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی ڕووداوەکەی پارێزگای ھەولێر بڵاو دەکەینەوە و خەڵکێکی زۆر گیراوە، بەڵام لەوانەیە ھەندێک ھیچیان لەسەر ساخ نەبێتەوە، ئەوانەی دەستیان ھەیە لەو تۆڕە تیرۆریستییەدا سزا دەدرێن، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە، لەبەر ئەوە ئاماری دەستیگرکراوەکان بڵاو ناکەینەوە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: پێشتر لەسەر ڕووداوەکەی پارێزگای ھەولێر زانیاریتان ھەبوو؟

دکتۆر تاریق نووری: نەخێر زانیاریی ئەوەمان نەبووە ھێرش بکرێتە سەر باڵەخانەی پارێزگا، بەڵام کاتێک مەلا ئیسماعیل سووسەیی دەستگیر کرا زانیمان شتێکی لەبەردەستە و دەیەوێ پیلانێک جێبەجێ بکات، دوای دەستگیرکردنی کۆمەڵێک چەکی جۆراوجۆر لە نێو ماڵی مەلا ئیسماعیل سووسەییدا دەستی بەسەردا گیرا، دیارە پیلانی ھەبوو و خۆی ئامادە کردبوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا مەلا سووسەیی ددانی بەوەدا ناوە کە بەیعەتی بە داعش داوە، ھەروەھا پێشتر تۆڕێکی تیرۆریستیمان دەستگیر کردبوو پەیوەندییان بەو جەماعەتەی مەلا ئیسماعیلەوە ھەبوو و ھاوکاریی داعشی کردووە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: نەدەکرا ئەو سێ تیرۆریستەی نێو پارێزگا دەستگیر بکرێن و نەکوژرێن؟

دکتۆر تاریق نووری: دەرفەتی ئەوەمان دا بەو سێ تیرۆریستەی ھێرشیان کردە سەر پارێزگای ھەولێر کە خۆیان ڕادەستی ئاسایش بکەن، بەڵام ئامادە نەبوون خۆیان تەسلیم بکەن و ئەوان خۆیان نەیانویست بگیرێن.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: ئەندامانی ئەو تۆڕە تیرۆریستییە ھیچیان ھەڵنەھاتوون؟

دکتۆر تاریق نووری: نەخێر کەس ڕای نەکردووە، ئەوەی پەیوەندییان پێوە ھەبێت دەستگیر کراون، ھەر لەو کاتەی شەڕ بەردەوام بوو لە نێو پارێزگای ھەولێر ھێزەکانی ئاسایش چوونەتە سەر ماڵی تۆمەتبارەکان لە شاری ھەولێر و زانیاریی دروستمان لا ھەبوو کێن لە نێو باڵەخانەی پارێزگادا.


ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: خوێندنەوەی جیاواز بۆ ڕووداوەکەی دوێنی دەکرێت، ئێوە وەڵامانتان چییە؟

دکتۆر تاریق نووری: ئەوە خەڵکانێک وەک خۆیان بیر دەکەنەوە، پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتی ھەبووە ویستوویانە بە سیاسی بکەن، ئێمە دیکۆمێنت و کامیرامان لەبەردەستە، چەندین تۆڕی تیرۆریستیمان دەستگیر کردووە، خەڵکێک لەخۆیانەوە دەڵێن سیناریۆیە، ھەر کارێک بکەین لە ڕووی ئەمنییەوە خەڵکێک بە سیناریۆ وەسفی دەکەن، ئێمە ئەمنییەتی وڵاتی خۆمان دەپارێزین و گوێ بە قسەی ھەندێ کەس و لایەن نادەین.


ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: ھێزەکانی ئێوە چوونەتە سەر ماڵی مەلا سەلیم شووشکەیی ئەویش تۆمەتی تیرۆری لەسەرە؟

دکتۆر تاریق نووری: ئەو پەرمانتارەی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی، مەلا سەلیم شووشکەیی، کەسێکە سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعشە و لە دادگا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و پێویستە دەستگیر بکرێت، ئێستا حەسانەی پەرلەمانی نەماوە و دەمانەوێ دەستیگری بکەین، پێشتریش وەزارەتی ناوخۆ نووسراوی بۆ پەرلەمانی عێراق کردووە لەسەر سەلیم شووشکەیی، بەداخەوە پەرلەمانی عێراق وەڵامی نەبووە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: بەڵام گومان هەیە کە شووشکەیی ئێستا لە سلێمانیی بێ، بۆچی دەستگیر ناکرێت پەیوەندیدتان لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی نییە؟

دکتۆر تاریق نووری: نەخێر ئەو پەیوەندییەی ئێوە باسی دەکەن نیمانە لەگەڵ سلێمانی، تا ئێستا چەندین کەس فەرمانی گرتنیان ھەیە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی خۆیان حەشار داوە، ژمارەیەک لەوانە بە تۆمەتی کوشتن فەرمانی گرتنیان ھەیە، ھەڕشە لەسەر دزی و تاوانی دیکە ڕای کردووە بۆ سلێمانی و خۆی حەشار داوە، مەلا سەلیم شووشکەیی ھەر لە سلێمانی خۆی حەشار داوە و تۆمەتبارە بە تیرۆر، ئێستا لە ھەولێر نەماوە و گومانی زۆرمان ھەیە لە سلێمانی خۆی حەشار دابێت.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: ئەوانەی پێشتر چوونەتە نێو داعش لە سنووری ھەولێر چارەنووسیان نازانن؟

دکتۆر تاریق نووری: بەڵێ بەشێکی زۆریان لەو شەڕانەی ڕابردوودا کوژراون، بە گوێرەی زانیاریی ئێمە ئەوانەی لە سنووری پارێزگای ھەولێر چوونەتە نێو داعش ھەر ١٥ بۆ ٢٠ کەسێکیان لەژیاندا ماون.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: دەگوترێ لە ھەندێ شوێن گەنجان لەسەر بیر و باوەڕی توندڕۆیی پەروەردە دەکرێن؟

دکتۆر تاریق نووری: پێویستە وەزارەتی ئەوقاف و پەروەردە بڕیارێکی وەھا بدەن، ھیچ قوتابخانە و خولێکی ئایینی لە دەرەوەی سیستەمی وەزارەت نەبێت، ئێمە زانیاریمان ھەیە لێرە و لەوێ خول دەکەنەوە، ئەوماڵ بۆ ئەوماڵ دەگەڕێن، پێشتر زۆر زیاتر بوو، ئێستا کەم بووەتەوە، نایشارینەوە ھێشتا ھەر ماوە، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی تازە تەمەنی گەنجیانە لەسەر بیر و باوەڕی توندڕۆیی پەروەردە دەکرێن.


دیمانە: قائید میرۆ