Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: لەمەودوا پێشمەرگە بریندارەكان پێویستیان بە دەرەوە نابێت و لێره‌ چارەسەر دەكرێن

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، ٧٠%ی نەخۆشخانەی پێشمەرگە تەواو بووە و بڕیارە لە كۆتایی مانگی نۆی ئەمساڵدا رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت، كە دواتر بە ڕووی پێشمەرگەدا دەكرێتەوە و چارەسەری پێویست بۆ پێشمەرگە دەكرێت و ئیدی پێویست بەوە نابێت پێشمەرگە بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوە بكرێت.

نەخۆشخانەی پیێشمەرگە لەسەر ڕووبەری ھەزار مەتر دووجا دروست دەكرێت و ١٠ مانگە دەست بە دروستكردنی كراوە و ئەڵمانیا تێچووی دروستكردنی پڕۆژەكەی لە ئەستۆ گرتووە، كە ئەو نەخۆشخانەیە بە بڕی چوار ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار دروست دەكرێت.

بەڕێوەبەری كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لیوا موحسین زەنگەنە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دروستكردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەردەوامە و تاوەكو ئێستا ٧٠%ی نەخۆشخانەكە تەواو كراوە و بڕیارە تاوەكو ٣٠/٩ی ئەمساڵ ئەو٣٠%ـیەی ماوە ئەویش تەواو بكرێت و نەخۆشخانەكە رادەستی ئێمە بكەن، كە دواتر بە ڕووی ھێزەكانی پێشمەرگەدا دەكرێتەوە، چونكە ئێمە پەلەمانە و ئەوانیش مكوڕن لەسەر ئەوەی لە كاتی خۆیدا نەخۆشخانەكە تەواو بكەن".

لیوا موحسین گوتیشی، بە تەواوبوونی ئەو نەخۆشخانەیە، ئیدی پێشمەرگەكان لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت و چیتر پێویستیان بە دەرەوەی وڵات نابێت، ئەگەر ھەشبێت زۆر كەم دەبێت.

زەنگەنە ئەوەیشی خستە ڕوو: "ژمارەیەكی یەكجار زۆر پێشمەرگەی بریندار تاوەكو ئێستا چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، ئینجا لە دەرەوە یاخود لە ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و، لە ئێستایشدا تەنیا ٩٥ فایلی پێشمەرگە بریندارەكانمان لایە كە پێویستیان بە چارەسەر ھەیە، بۆیە لە ھەوڵداین ئەو پێشمەرگانە دكتۆریان بۆ بێنین و لەناوخۆی ھەرێمی كوردستان چارەسەریان بۆ بكەین، ھەر وڵاتێكیش خۆبەش لە دەرەوە چارەسەریان بكات، ئێمە ئامادەین ھاوكارییان بكەین".

دەشڵێ: "وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی لە دەستی بێت بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەیكات و، ھەمیشە چارەسەركردنی پێشمەرگە بە ئەرك و ئەولەوییەتی خۆی دەزانێت".

 

بڵند ئیبراھیم