Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەسرۆ گۆران: لیسی پارتی ھەمەڕەنگ دەبێت.. 25ی مانگ رادەستی كۆمسیۆنی دەكەین

 

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان چەند رۆژێكە سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی كاندیدەكانیەتی و لەسەر ئاستی جۆراوجۆر ھەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ دانانی كاندیدانی لیستی پارتی، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتییش دەڵێ، "لیستێكی رێكوپێك ئامادە دەكرێت و ٢٥ی مانگ رادەستی كۆمسیۆنی دەكەین".

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە شەممەی رابردووەوە تا ئەمڕۆ لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كار بۆ ئامادەكردنی لیستی كاندیدانی پارتیمان دەكرێت، لەبەر ئەوەش مەكتەبی سیاسی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگاكان و ھەموو لقەكانی حزب بابەتی دانانی كاندیدانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوو كردووە، چەندین كۆبونەوەی تایبەت بەو پرسەوە ئەنجام دراون و بڕیارە لیستێك كە لە 100 كاندید پێك ھاتووە، ئامادە بكەین، دانانی ژمارەی كاندید بۆ ھەر پارێزگایەكیش لەسەر بنەمای دەنگی پارتی دەبێت لەو پارێزگایەدا".

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "لیستی پارتی، لیستێكی ھەمەڕەنگ دەبێت، واتا ٣٠%ی بۆ ئافرەت دەبێت و لە ھەموو ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان كاندیدمان دەبێت، راستە ھاووڵاتیانی  كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان بەشداری لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستاندا ناكەن، لەگەڵ ئەوەش خەڵكێكی زۆرمان ھەیە كە خەڵكی كەركووكن و دەمێكە لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەوانیش بێبەش نەكراون، ھەتا كاندیدی كوردی ئێزدی و فەیلیمان ھەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان".

كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، رۆژی ٢٥ی مانگی وەك كۆتا ڕۆژ بۆ ناردنی ناوی كاندیدانی كیانەكان دیاری كردووە و، پەیوەست بە رادەستكردنی ناوی كاندیدانی پارتی، خەسرۆ گۆران دەڵێت، "كۆمسیۆن ٢٥ی ئەم مانگەی دیاری كردووە بۆ رادەستكردنی ناوی كاندیدەكان، ئێمەیش ھەوڵ دەدەین لە ٢٥ی مانگدا ناوی لیستی كاندیدمان ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و ھەڵبژاردنەكانی كوردستان بكەین، ئێمە لە پلانماندا نییە بەر لە ٢٥ی مانگ ناوی كاندیدەكانمان رادەستی كۆمسیۆن بكەین".

 

قائید میرۆ