Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چەواشەکارییەکان لە بارەی سەدی بێخمەوە هەر بەردەوامن

چاودێرێک
هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نییە کای کۆن بە با کەیت و حەقیقەتەکان ئاوەژوو بکەیتەوە، بەشكم نانێكی لێ بخۆی. شانۆنووسی گەورەی ئەلمانی دەڵێ: ئەوەی هەقیقەت نازانێ، گێلە و ئەوەیشی دەیزانێ و خۆی لێ گێل دەکات تاوانبارە! جا نازانین هەڵسوڕێنراوانی ئەو چەند میدیا کوردی و عەرەبییەی بە یەک نیەت و میلۆدی باسی هۆکاری دروستنەکردنی بەنداوی بێخمە دەکەن، لە توخمی گێلەکەن یا تاوانباران!
بەڵێ بەنداوی بێخمە یەکێک بووە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی دەستەڵادارانی بەغدای دوێنێ و ئەمڕۆش، بەڵام لە ڕاستیدا نیەت لە دروستکردنی بەنداوەکە هەرگیز بۆ مەبەستی گەشەی ئابووری و خزمەتگوزاری نەبووە، بەڵکو پڕۆژەییەکی مەترسیداری سیاسی و عەسکەریی و نیەت دوژمنکارانەی سەردەمی پێشو ئێستاش بووە، بە مەبەستی لەتکردنی کوردستان و جیاکردنەوەی دەڤەری سۆران و بادینان.
ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەو وەختەی لەتیف ڕەشید وەزیری ئاودێریی عێراق بوو، زیاتر ورووژا و خرایە ڕۆژەڤ نەک بۆ نیەتێکی ئابووری بۆ عێراق، بەڵکو بۆ ئەوەی لە پەنای ئەو پڕۆژە گەورەیەی کە زیاتر لە ٥ ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کرابوو، جەنابی وەزیرە ڕەشیدەکە ..! ١٥٠ سەدوپەنجا ملیۆن دۆلارێک لە ڕێی سەفەقاتی خۆی لە گەڵ چەند کۆمپانیایەکی جێبەجێکار حەپەلووش بکات، بەڵام وەختێک وەزیری ڕەشوەخۆر لە قافا گیرا و دزیەکەی لێ کەشف بوو، پڕۆژەکەش وەستێندرا. ئەمە حەقیقەتی وەستانی پڕۆژەکە بوو، کە بە هۆی گەندەڵیی پێشوەختەی جەنابی وەزیرەکە بووە نەک هۆکارێکی دی.
سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەر لە کۆنەوە هەڵویستی ڕوونی لە بارەی سەدی بێخمە ئەوە بووە، کە ئەمە پڕۆژەیەکی سیاسییەو لە ڕووی ستراتیژییەوە مەترسییە لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانبی کوردستان، هەوڵێکە بۆ دەستەمۆکردنی کوردستان، چونکە بە دروستکردنی پڕۆژەکە بە پێی ئەو مەرام و نەخشەیەی عەقڵیەتی سیاسیی دەستەڵاتدارانی بەغدا دایانڕشتووە، ڕێک مەبەست دابەشکردن و کەرتکردنی کوردستانە.
بۆیە بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی، سەرکردایەتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە دروستکردنی پڕۆژەیەکی لەو جۆرە نادات، خۆ ئەگەر بەغدا لە خەمی کەمئاویی کوردستان و عێراقدایە دەتوانێ دەیان بەنداوی بچووک لە ناوچەکە دروست بکات، بەڵام هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتن و دووڕووییە.
ئەگەر ڕژێمی پێشوو خەمی پێشخستنی ئابووری و خزمەتگوزاری کوردستانی هەبووایە، بۆچی ٤٥٠٠ گوندی کوردستانی ویران دەکرد.؟ دیسان دەیڵێینەوە پڕۆژەی بێخمە پڕۆژەیەک نەبییە بۆ خزمەتگوزاری کوردستان و ئابوورییەکەی، بەڵکو پڕۆژەیەکی سیاسی و سەربازییە بۆ لەتکردن و بەرتەسککردنەوەی کوردستان.