Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"حکوومەتی ھەرێم ئامادەکاری بۆ پڕۆژەبودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەکات"

 

هەولێر-KDP.info-  لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەموو وەزارەتەکان ڕاسپێردراون کە ئامادەکاری بکەن بۆ بودجەی ساڵی دابێ. بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کرد، ئەگەر بودجە بۆ ساڵی دابێت دابین بکرێت، مامۆستاش دادەمەزرێنن.

 

چوار ساڵە بە ھۆی بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بە بڕیارێکی سیاسی، ھەرێمی کوردستان پڕۆژەبودجەی نەبووە و لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی دارایی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەبودجە دەکات.

 

لەوبارەیەوە مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لایەن داراییەوە ئاگادار کراوینەتەوە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ئامادە بکەین و پێداویستی و خەرجی و گرێبەست و دامەزراندن، ھەمووی دیاری بکرێت، تا لە حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان کە دوای ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوو کابینە نوێ دەستبەکار دەبێت، کاری لەسەر بکات."

 

مەریوان بەگۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکێک لە مەرجەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەبودجەی ھەرێمی کوردستان دامەزراندنە، نەک تەنیا بۆ وەزارەتی پەروەردە، بەڵکو بو ھەموو وەزارەتەکانی دیکەش، ئەویش بە پێی پێویستیی وەزارەتەکان، ئێمە دەبێ تا مانگی ئابی دابێ بودجەی خۆمان ئامادە بکەین و ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکەین."

 

قائید میرۆ