Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"داعش و حەشد هەریەکەو لە لایەکەوە هەڕەشە لە کوردانی کاکەیی دەکەن"

 

هەولێر-KDP.info-  کوردانی کاکەیی لە نێوان داعش و حەشدی شەعبیدا بوونەتە قوربانی و لە لایەک حەشد دەیەوێت بەزۆر چەکیان بکات و لە لایەکی دیکەوە شەوانە داعش ھەڵدەکۆتێتە سەریان. چالاکێکی کوردی کاکەیی دەڵێ، خەریکە ناوچەکە چۆڵ دەبێت لە کاکەیی و بە ھەموو لایەک ھەر زوڵم لە کاکەیی دەکەن.

 

کوردانی کاکەیی لە لایەک قوربانی بۆ ئایین و  لە لایەکی دیکەوە قوربانی نەتەوەبوونیان دەدەن. لە دوای داگیرکردنی کەرکووکیش حەشد و داعش کەونەتە گیانی کوردانی کاکەیی، ھەر لە کوشتن و ڕفاندنیانەوە تا دەگاتە داگیرکردنی گوندەکانیان. جەلیل کاکەیی، چالاکی مەدەنیی کاکەییەکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "کوردانی کاکەیی زۆربەیان دە کەونە سنووری دەوروبەری کەرکووک و نێو سەنتەری شاری کەرکووک، بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگە لەو سنوورانە، کاکەیی بوونەتە ئامانجی حکوومەتی عێراق و گرووپی تیرۆریستیی داعش، چونکە لە لایەک داعش دەستی بە جووڵە کردووە لە سنووری گوندەکانی کاکەیی و لە لایەکی دیکەوە حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵ زولمیان لێ دەکەن، واتە ئێمەی کوردانی کاکەیی قوربانیی دەستی ھەردوولاین."

 

ئەو چالاکەی کاکەیی دەڵێت: "لە ماوەکانی ڕابردوودا بە ھۆی زیادبوونی چالاکیی داعش و بەرگرینەکردن لە گوندەکانی کوردانی کاکەیی لە لایەن پۆلیسی فیدڕاڵ و حەشدی شەعبیەوە، بەشێکی زۆری ناوچەی کاکەیینشین، بەتایبەتی لە سنووری قەزای داقووق چۆڵ کراون، لەوانە ھەریەکە لە گوندەکانی، زەنقر، ئەبول محەمەد، عارەب کۆیی، تۆبزاوە و چەند گوندێکی دیکە."

 

ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەک کوردی کاکەیی بە ھۆی ھەڕەشەکانی داعش و بەرگریلێنەکردنیان لە لایەن پۆلیسی فیدڕاڵ و حەشدی شەعبیەوە ئاوارە بوون. کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە نزیکەی سێسەد خێزانی کوردی کاکەیی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی دیکەش ئاوارەی نێو شاری کەرکووک بوونە، چونکە داعش ھەڕەشەیەکی زۆری بۆ سەر کوردانی کاکەیی دروست کردوە."

 

جەلیل کاکەیی لەبارەی ھەڕەشەکانەوە ئاماژەی دا: "ھەڕەشەکان زۆرن و ھەمەجۆرن، بۆ نموونە، زۆرێک لە گوندەکان ھاوبەشن، واتە کورد و عەرەبیاب تێدایە، ئێستا کورد دەسەڵاتی نییە لە ناوچەکە و عەرەبەکان تەنگیان بە کورد ھەڵچنیوە کە گوندەکانیان بۆ عەرەب بەجێ بێڵن."

 

تا ئێستا دەیان ھاووڵاتیی سڤیلی کوردی کاکەیی لە لایەن داعش و ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کراونەتە ئامانج و بەشێکیان کوژراون و ژمارەیەکیشیان ڕفێندراون. ئەو چالاکەی کوردانی کاکەیی گوتی: "داعش ھێزی نەماوە بۆ ھێرشکردن، تەنیا وەک مەفرزەی پارتیزانی ناوە ناوە دەردەکەوێت و ھەڵکوتانە سەر گوندی کاکەیی بووەتە دیاردە. لە لایەک ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی کوردانی کاکەیی و ھەرچی چەک و تەقەمەنییە لێیان وەردەگرن، دواتر داعش دێت، دەی ھاووڵاتیانی کاکەیی بەچی بەرگری لە خۆیان بکەن، ئێستا گوند ھەیە تەنیا سێ ماڵی تێدا ماوە، خەریکە ناوچەکە بۆ عەرەب و حەشد بەجێ دەمینێ."

 

قائید میرۆ